جاستن بیبەر تەواوی کۆنسێرتەکانی هەڵدوەشێنێتەوە

02-03-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن جاستن بیبەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جاستن بیبەر، گۆرانیبێژی کەنەدی، تەواوی کۆنسێرتی گەشتی هونەرییەکەی هەڵوەشاندەوە و هیچ روونکردنەوەیەکی لەمبارەیەوە نەداوە.
 
ئەو گۆرانیبێژە تەمەن 29 ساڵە، لە هاوینی 2022 تەواوی کۆنسێرتەکانی هەڵوەشاندەوە، ئەویش بەهۆی ناجێگری باری تەندروستیی بوو کە بەشێکی رووخساری ئیفلیج ببوو، بەڵام ئەمجارەیان دیار نییە هۆکارەکەی چییە.
 
رێکخەرانی کۆنسێرتەکە ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، تەواوی کۆنسێرتەکانی بیبەر لە ئەمریکا، ئێرلەندا و فەرەنسا هەڵوەشێندراونەتەوە.
 
لە کانوونی یەکەمی 2023، بیبەر مافی بڵاوکردنەوەی تەواوی کارە هونەرییەکانی بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار فرۆشت.
 
جەستن بیبەر، لە 1ـی ئازاری 1994 لە کەنەدا لە دایکبووە، سکۆتەر براون، بەڕێوەبەری تۆمارکردنی ئەمریکی توانی بەهرەکەی بدۆزێتەوە و بە جیهانی بناسێنێت، لە 2008 گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای 'RBMG Records' واژۆ کرد، لە 2009 یەکەم بەرهەمی بەناوی 'My World' بڵاوکردەوە و ناوبانگی بەدەستهێنا.
 
لە 2015 بەرهەمێکی گۆرانیی بەناوی 'Where Are Ü Now' بڵاوکردەوە و بەهۆیەوە خەڵاتی گرامی بۆ باشترین سەما و تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی بەدەستهێنا.
 
ئەو هونەرمەندە پێنجەمین ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'Changes' لە 2020 بڵاوکردەوە و بۆ یەکەمجار بەرهەمێکی لە ئاستی بەریتانیا و ئەمریکا لە ریزبەندی یەکەمی ئەلبوومە پڕفرۆشەکاندا هات.
 
بیبەر، یەکێک لە پڕفرۆشتین هونەرمەندانی جیهانە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون، خاوەنی دوو خەلاتی گرامی، یەک گرامی لاتینی، دوو خەڵاتی بریت، 26 خەڵاتی میوزیکیی بیلبۆرد، 18 خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و 21 خەڵاتی ئێم تی ڤی ئەوروپایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە