بەڵگەفیلمێکی کوردی لە ئەمریکا خەڵاتێکی گەورە دەباتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی (ئاوازی باڵەکان - Singing Wings) لە دەرهێنانی هێمن خالیدی، لەنێو زیاتر لە 1100 فیلم دا کە نێردرابوون بۆ فێستیڤاڵی بەناوبانگی (Full Frame) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خەڵاتی باشترین یەکەم فیلمی درێژی بەدەست هێنا.
 
پێشتریش ئەم بەرهەمە خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی ئاسیایی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بوسان بردبووەوە کە بە (ئۆسکاری ئاسیا) ناسراوە. بەمەش توانیویەتی سەرنجی رەخنەگران و فێستیڤاڵە جیهانییەکان بۆ خۆی رابکێشێت.
 
ئەم سەرکەوتنانە وایان کردووە ناوی هێمن خالیدی وەک دەرهێنەرێکی گەنجی سەرکەوتوو لە سینەمای جیهاندا بناسرێت و شانازییەکی گەورە بۆ سینەمای کوردی تۆمار بکات.
 
فیلمی ئاوازی باڵەکان توانیویەتی دەرگەیەکی فەرهەنگیی نوێ لە کوردستانەوە بەڕووی جیهان دا بکاتەوە. لە فیلمەکە دا، مرۆڤی کورد و بەتایبەتی ژنی کورد، وەک کەسێکی هۆشیار و هەستیار بەرامبەر بە دەوروبەر و ژینگەکەی نیشان دەدرێت.
 
ئاوازی باڵەکان، کە یەکەم ئەزموونی دەرهێنەریی هێمن خالیدییە، چیرۆکی تێکەڵاوی ژیانی سێ هاوژین دەخاتە روو. رووداوەکانی فیلمەکە لە گوندی دەرەتفێی سەر بە شاری مەریوان روو دەدەن، کە خەڵکەکەی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری لەقلەق دا پێکەوە دەژین.
 
چیرۆکەکە باس لە پوورە خەجێ دەکات، کە ژنێکی بەساڵاچووە و لە 64ـەمین ساڵی ژیانی هاوبەشی دا لەگەڵ هاوسەرە تەمەن 100 ساڵەکەی، خەریکی چارەسەرکردنی باڵی لەقلەقێکی بریندارە بۆ ئەوەی زووتر چاک بێتەوە و لەگەڵ لەقلەقەکانی دیکە دا کۆچ بکات.
 
لە هەمان کات دا، پوورە خەجێ نیگەرانی کچەکەیەتی کە بڕیاریداوە بۆ لای هاوسەرەکەی کۆچ بکات بۆ ئەورووپا 
 
ئەم بەرهەمە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی پرسی کۆچکردن بەبێ پێشداوەری و خستنەڕووی تێڕوانینێکی نوێ بۆ ژیانی لادێ لە روانگەیەکی مرۆڤانەوە، کە قۆناخەکانی توێژینەوە و بەرهەمهێنانی چوار ساڵی خایاندووە.
 
ئاوازی باڵەکان یەکێکە لە فیلمە دیارەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵە گەورەکانی جیهان، دەرفەتێکی نوێی بۆ بینەری جیهانی رەخساندووە تاوەکو لەگەڵ تێڕوانینی جیاواز بۆ پرسی کۆچ و مانەوە ئاشنا بێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فێستیڤاڵەکە لە 9 بۆ 12ی نیسان بەڕێوەدەچێت

دوو دەرهێنەری ئێرانی چارەنووسیان نادیارە؛ فیلمەکانیان لە ئەمریکا نمایش دەکرێن

بەرپرسانی فێستیڤاڵی فیلمی 'نیو بێدفۆرد' لە ئەمریکا نیگەرانییەکی زۆریان لەبارەی چارەنووسی دوو سینەماکاری ئێرانی هەیە، کە بڕیار بوو بەرهەمەکانی ئەم دوو دەرهێنەرە لە مانگی نیسان دا نمایش بکرێن، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و بارودۆخی جەنگ هەردووکیان پەیوەندییان لەگەڵ فێستیڤاڵەکە پچڕاوە