رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی فێستیڤاڵی فیلمی 'نیو بێدفۆرد' لە ئەمریکا نیگەرانییەکی زۆریان لەبارەی چارەنووسی دوو سینەماکاری ئێرانی هەیە، کە بڕیار بوو بەرهەمەکانی ئەم دوو دەرهێنەرە لە مانگی نیسان دا نمایش بکرێن، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و بارودۆخی جەنگ هەردووکیان پەیوەندییان لەگەڵ فێستیڤاڵەکە پچڕاوە.
ئیتان دی ئەگویار، دامەزرێنەری فێستیڤاڵەکە رایگەیاندووە، دوای وەرگرتنی فیلمەکانی ئەم دوو دەرهێنەرە لە مانگی شوبات دا، چیدی نەتوانراوە پەیوەندییان پێوە بکرێت، ئەوەش بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت لەو وڵاتە.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئاستی هێڵی ئینتەرنێت لە ئێران بۆ تەنیا 1% دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی ئەو هێرش و بۆردوومانانەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر ئەو وڵاتە.
ئەو دوو فیلمەی ئەو دوو دەرهێنەرە ئێرانییە کە بڕیارە لە ئەمریکا نمایش بکرێن، بریتین لە: 'مەردازما' لە دەرهێنانی ئەمیر مەسعود سوهەیلی و 'بۆنە خۆشەکە' لە دەرهێنانی محەممەد رەزا محەممەدی.
فیلمی یەکەم باس لە ئەرکێکی سەربازانی تاڵیبان دەکات لە ناوچە شاخاوییەکان، فیلمی دووەمیش چیرۆکی کچە خوێندکارێک بەناوی روقیە دەگێڕێتەوە، کە لەکاتی تاقیکردنەوەیەکی نیشتمانیدا تووشی بارودۆخێکی تەندروستیی سەخت دەبێت.
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە دەڵێن، ئەگەرچی وادەی ناردنی فیلمەکان کۆتاییهاتووە، بەڵام ئەوان ئامادەن تاوەکو بەیانیی رۆژی نمایشکردنەکەش چاوەڕێ بکەن و مەرجی کاتیان بۆ ئەم دوو دەرهێنەرە لابردووە.
دی ئەگویار دەڵێت، ئەم دوو فیلمە نەک تەنیا داهێنان، بەڵکو گوزارشت لە خەباتی کولتووری لەژێر سایەی سانسۆر و تەنگژەکاندا دەکەن.
بڕیارە فێستیڤاڵەکە لە 9 بۆ 12ی نیسان لە چەندین شوێنی جیاواز بەڕێوەبچێت، بەڵام ئێستا گەورەترین پرسیار لای رێکخەران ئەوەیە، ئایا سینەماکارە ئێرانییەکان دەتوانن دەنگی خۆیان بە جیهان بگەیێنن یان جەنگ و بڕانی ئینتەرنێت رێگرییان لێ دەکات؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ