رووداو دیجیتاڵ
فیلمە نوێکەی هەڵکەوت مستەفا بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی نەرویج، سوێد، فەرەنسا، ئەمەریکا، ئیمارات و هەرێمی کوردستانە و چیرۆکی کچە نیشانشکێنێکی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە کە بە نهێنی دەڕواتە نێو داعش بۆ رزگار کردنی خوشکە بچوکەکەی.
ناوی فیلمەکە (No Paradise if You Are Killed by a Woman)ـە، واتە (ژن بتکوژێ بەهەشت نابینی)، تێیدا ئاڤان جەمال، ئەکتەری کورد و تۆربیان هار، ئەکتەری نەورویجی کە پێشتر لە زنجیرەی بەناوبانگی (Vikings) بەشداربووە؛ رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلمەکە، بە رووداوی راگەیاند، بەرهەمهێنانی فیلمەکە وەکو ئەنجامدانی نەشتەرگەری مێشک بووە لە ژوورێکی تاریکدا. گوتیشی: "خۆشحاڵم کە فیلمەکە ساڵی داهاتوو بڵاو دەکرێتەوە".
هەڵکەوت مستەفا، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، فیلمەکە وێنەیەکی شیعریی ژنە پێشمەرگەیەکە، رەتی دەکاتەوە "لەبەردەم تاریکیدا سەر دابنەوێنێت".
دەرهێنەر بۆ فیلمەکەی لەگەڵ چەندین ژن دیداری هەبووە کە لە دژی داعش جەنگاون، هەروەها لە ئازایەتی نادیە موارد، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکڤانی مافی مرۆڤەوە ئیلهامی وەرگرتووە.
(شاردنەوەی سەدام حوسێن) دوایین بەرهەمی ئەو دەرهێنەرە کوردە بوو کە وەک پڕداهاتترین بەڵگەفیلم لە مێژووی بۆکس ئۆفیسی وڵاتانی عەرەبیدا دەناسرێت، تەنیا لە 17 رۆژدا یەک ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە.
فیلمەکە چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان. رووداو هاوبەشی بەرهەمهێنانی فیلمەکەیە.
هەڵکەوت مستەفا خەڵکی باشووری کوردستانە و لە نەرویج نیشتەجێیە، لە 2016 بە فیلمی سینەمایی (کلاسیکۆ) توانی ناوبانگییەکی نێودەوڵەتی بەدەستبێنێت و فیلمەکەی زیاتر لە 56 وڵات بڵاوکرایەوە و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا.
لەلایکی دیکەوە، هەڵکەوت مستەفا کار بۆ بەڵگەفیلمی (فارووق) دەکات کە چیرۆکی زانایەکی عێراقی دەگێڕێتەوە کە بە کلیلی سەرکەوتنی نەرویج لە بەڕێوەبردنی وزەی وڵاتەکە دەناسرێت و تۆڕی میدیایی رووداو یەکێک لە بەرهەمهێنەرایەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ