رووداو دیجیتاڵ
ماهیر حەسەن، ئەکتەری کورد، لە رێگەی فیلمی "ژان"، خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی رەشت لە ئێران بەدەستهێنا.
فیلمەکە لە نووسینی لەیلا باغ پیرا و لە دەرهێنانی بورهان ئەحمەدی و لەیلا باغ پیرایە و خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو و باشترین دەنگی لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا، جگە لەو دوو بەشە، بەربژێری خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین سیناریۆ و باشترین ئەکتەری ژن بوو.
ماهیر حەسەن، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری فیلمەکە بە رووداوی راگەیاند، زۆر خۆشحاڵە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە فێستیڤاڵەکەدا و بە هەنگاوێکی گرنگ لە ژیانی هونەریی خۆیدا دەیبینێت.
ئەرەستۆ مەفاخیری کە خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، خەڵاتی باشترین دەنگی لە رێگەی فیلمی "ژان" بەدەستهێنا.
مەفاخیری، بە رووداوی راگەیاند، دڵخۆشە کە فیلمی "ژان" دوو خەڵاتی لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا و خەڵاتی باشترین دەنگهەڵگر بەو بەخشرا. هەروەها سوپاسی هەردوو دەرهێنەری فیلمەکە کرد کە بۆ کاری دەنگی فیلمەکەیان راسپارد.
بورهان ئەحمەدی، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری هاوبەش لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا لە رێگەی رووداو، پیرۆزبایی لە تەواوی ستافی فیلمەکە کرد، بۆ بەدەستهێنانی دوو خەڵاتی فێستیڤاڵەکە و بەربژێربوونی لە شەش بەشدا.
فێستیڤاڵەکە لە 28ـی نیسان تاوەکو 1ـی ئایاری 2025 لە شاری رەشت لە ئێران بەڕێوەچوو، تێیدا 316 فیلم بۆ فێستیڤاڵەکە نێردرابوون، فەریدوون حەسەنپوور، فەرهاد مێهران فەڕ و فەرهاد قائمیان وەک لیژنەی دادوەری هەڵسەنگاندنیان بۆ بەرهەمەکان کرد.
لەم بەرهەمەدا جگە لە ماهیر حەسەن، مائێدە فەزلی، شیما مەلایی، ئەفشین خدری، نیشتمان رەسووڵ نژاد و ئەکرەم محەممەدی بەشدارن.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە رووداوێکی دەکات کە چەند مانگ لەمەوپێش روویداوە و دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر کچێکی سێزدە ساڵانی بیرکۆڵ، دایک و باوکی تازە پێیان زانیوە، هەوڵدەدەن لەنێوی ببەن، بەڵام چارەنووسیان شتێکی دیکەیە.
"ژان" لە رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگیراوە و پێشتر لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک پێشاندراوە و لە شارە و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان پێشاندراوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ