رووداو دیجیتاڵ
مەم ئارارات، هونەرمەندی ناسراوی کورد، نوێترین بەرهەمی بەناوی "شیرەتا دل" لە کەناڵی فەرمیی خۆی لە یوتیووب و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان بڵاوکردەوە. ئارارات لەم بەرهەمە نوێیەدا، جارێکی دیکە بە فەلسەفەی تایبەتی خۆی و وشەی قووڵەوە دەگەڕێتەوە نێو دڵی هەوادارانی.
مەم ئارارات تێکست، ئاواز و دابەشکردنی میوزیکی گۆرانییەکەی ئامادەکردووە، پێشتریش ئەو کارانەی بۆ زۆربەی گۆرانییەکانی کردووە. کاری میکس و ماستەرینگ لەلایەن نیهاد جەمشەر بۆ کراوە و ڤیدیۆکلیپەکەش لە دەرهێنانی رۆبینە، تێیدا کچ و کوڕێک لە کاتی خۆرائابوون سەما و هەڵپەڕکێی کوردی دەکەن.
ئارارات هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە، نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە و دنیای مرۆڤ وەک جانتایەک نیشان دەدات و دەڵێت: "مرۆڤ چی بخاتە نێو جانتاکەیەوە، دنیای دەبێتە ئەو شتە." ئەو پێی وایە هەر مرۆڤێک بەپێی ئەو شتانەی لەنێو دڵی خۆیدا هەڵی دەگرێت، سەیری دنیا دەکات و دەتوانێت بیکاتە بەهەشت یان دۆزەخ.
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا جەخت لەسەر باوەڕی خۆی بە چاکە، خۆشەویستی و دۆستایەتی دەکاتەوە و دەڵێت: "باوەڕم بە بەهەشت و دۆزەخی ئەم دنیایە هەیە و بە هەموو هێزمەوە دەمەوێت سنوورەکانی بەهەشت فراوان بکەم."
ئەم فەلسەفەیە لە تێکستی گۆرانییەکەشدا رەنگدانەوەی هەیە، کە باس لە خامی مرۆڤ، گەڕانەوە بۆ خود و ئاڵنگارییەکانی دەورانی کۆتایی ژیان دەکات. لە کۆتایی گۆرانییەکەدا، ئارارات ئامۆژگاریی دڵی خۆی دەکات.

مەم ئارارات، لە 1981 لە گوندی گرکێ شێخێ لە ناوچەی دێرکی چیای مازی لە مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بە پاڵپشتی هاوڕێکانی بەناوی "قولنگ ئەور و باران" لە 2013 بڵاوکردەوە.
پێنج ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە، جگە لە ئەلبوومی "قولنگ ئەور و باران"، ئەلبوومی "کوردیکا" لە 2016، "خەونا باژارەکی" لە 2018، "نیشتمان" لە 2019 و "پەسنا ئەڤینێ" لە 2020 بڵاوکردووەتەوە.
مەم ئارارات، بەشێک لە بەرهەمەکانی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردووەتەوە، لەوانە "پاییز"، "زۆزان"، "خاترخوەستن"، "چیچەکێ"، "ژ ئێڤارەکا ئامادێ"، "ئەڤینا دوو چیا"، "دلۆ ئەز بمرم"، "رندێ" و "ل هیڤیا بارانێ". بەشێک لەم بەرهەمانە بە ملیۆنان بینەر و بیسەریان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ