رووداو دیجیتاڵ
جێسی جەی، گۆرانیبێژی بەریتانی، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ئاشکرای کرد، بەهۆی ئازارێکی زۆر و کێشەیەکی تەندروستیی نادیارەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، ئەمەش دوای ماوەیەک دێت لەوەی تووشبوونی خۆی بە نەخۆشیی مینیەر راگەیاندبوو.
گۆرانیبێژە تەمەن 33 ساڵەکە، بە دەنگە بەهێزەکەی ناسراوە، لە پۆستەکەیدا ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا بە دەنگێکی نزم گۆرانی دەڵێت و روونی کردووەتەوە؛ بەهۆی ئازارەوە ناتوانێت وەک جاران گۆرانی بڵێت.
جێسی نووسیویەتی: رۆژی شەممە، "هەوڵمدا بەبێ کێشە گۆرانییەکی ئارام بڵێم، بەڵام نەمتوانی. ئازارەکەم زۆرە و وەک ئەوە وایە کەسێک هەوڵبدات لەناو قوڕگمەوە بێتە دەرەوە".
هەرچەندە جێسی جەی لە کریسمسی 2020ـدا ئاشکرای کرد، تووشی نەخۆشیی مینیەر بووە، کە کار دەکاتە سەر گوێی ناوەوە و دەبێتە هۆی گێژبوون و لەدەستدانی هاوسەنگی، بەڵام روونیکردووەتەوە، ئەم کێشە تەندروستییە نوێیەی جیاوازە و تا ئێستا هۆکارەکەی بە تەواوی دیاری نەکراوە.
ئەو هونەرمەندە داوای لە هەوادارانی کردووە رەچاوی دۆخی تەندروستیی بکەن، ئاماژەی بەوەش کردووە، پزیشکەکان هەوڵی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی کێشەکەی دەدەن. جێسی جەی هیوای خواستووە بە زووترین کات بگەڕێتەوە سەر کارەکانی و دەست بە گۆرانیوتن بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ