تارانتینۆ: پۆڵ دەینۆ فیلمی (There Will Be Blood)ـی تێکداوە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن کوێنتین تارانتینۆ پۆڵ دەینۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کوێنتین تارانتینۆ، دەرهێنەری ناسراوی ئەمریکی، بە تووندی رەخنە لە نواندنی پۆڵ دەینۆ لە فیلمی (There Will Be Blood) دەگرێت و دەڵێت، ئەو ئەکتەرە "کەموکوڕییەکی گەورە" بوو بۆ فیلمەکە و رێگربوو لەوەی ببێتە باشترین فیلمی ئەم سەدەیە.
 
لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی (Bret Easton Ellis)، براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکار لیستی باشترین فیلمەکانی سەدەی بیست و یەکی خستەڕوو. 
تارانتینۆ فیلمە بەنێوبانگەکەی دەرهێنەر پۆڵ تۆماس ئاندەرسنی لە ریزبەندی پێنجەم دیاریکرد و ئاماژەی بەوە کرد: "ئەگەر ئەو کەموکوڕییە گەورەیەی تێدا نەبوایە، هەلی ئەوەی هەبوو لە ریزبەندی یەکەم یان دووەم بێت".
 
تارانتینۆ سەبارەت بە هۆکاری دانانی فیلمەکە لە ریزبەندی پێنجەم گوتی: "کەموکوڕییەکە پۆڵ دەینۆیە".
 
بە بڕوای تارانتینۆ، سیناریۆی فیلمەکە وا داڕێژراوە کە ململانێی سەرەکی لەنێوان دوو کارەکتەردا بێت، بەڵام بەهۆی لاوازیی دەینۆوە، هاوسەنگییەکە تێکچووە. تارانتینۆ بە وشەی زبر نواندنەکەی خستەڕوو و گوتی: "ئەو زۆر لاوازە.. بە تەواوی لاوازە".
 
لە بەرامبەردا، دەرهێنەر ستایشی نواندنی دانیێڵ دەی لویسی کرد، کە بۆ رۆڵی دانیێڵ پلەینڤیو خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە. تارانتینۆ دەڵێت: "دانیێڵ دەی لویس سەلماندی کە پێویستی بە ئەکتەرێکی بەرامبەر نییە تاوەکو دەربکەوێت، ئەو پێویستی بە هیچ نییە، بەڵام ئەگەر بەرامبەرەکەی بەهێز با، فیلمەکە تام و چێژێکی زیاتری دەبوو".
 

کاتێک پێشکێشکاری پۆدکاستەکە ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە هۆکارەکە ئەوە بێت نواندنی دانیێڵ دەی لویس بەهێز بووە، بۆیە نواندنی پۆڵ دەینۆ لاواز دەرکەوتووە، تارانتینۆ بە تووڕەییەوە وەڵامی دایەوە: "واتە تۆ هاتووی ئەو [دەی لویس]ـت لەگەڵ لاوازترین ئەکتەری پیاوی نێو سەندیکای ئەکتەران داناوە؟ لەگەڵ ترسنۆکترین کەسی جیهان؟".
 

تارانتینۆ روونیشیکردەوە، مەبەستی ئەوە نییە دەینۆ نواندنێکی کارەساتباری کردووە، بەڵکو نواندنەکەی "بوونی نییە و کاریگەر نییە". هەروەها ناوی چەند ئەکتەرێکی دیکەشی هێنا و گوتی: "من گرنگی بەو نادەم، گرنگی بە ئۆین ویڵسن و ماسیۆ لیلاردیش نادەم".
 

 

فیلمی (There Will Be Blood) کە لە 2007 بەرهەمهاتووە، یەکێکە لە دیارترین فیلمەکانی دەیەی رابردوو و بەربژێری هەشت خەڵاتی ئۆسکار بووە، تێیدا دانیێڵ دەی لویس وەک باشترین ئەکتەر و رۆبەرت ئێڵسوت وەک باشترین بەڕێوەبەری وێنەگرتن خەڵاتەکەیان بردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە