فیلمی 'ژیانی ونبوو' لە نێو مزگەوتی گوندی رەش هەرمێی سەردەشت پێشاندرا

06-03-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن ژیانی ونبوو بورهان ئەحمەدی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"ژیانی ونبوو" لە دەرهێنانی بورهان ئەحمەدی و بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداو، لە مزگەوتی گوندی رەش هەرمێ سەر بە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشاندرا، جگە لە فیلمساز و هونەرمەندان، خەڵکی گوندەکەش ئامادەبوون.
 
بورهان ئەحمەدی، بە رووداوی راگەیاند، فیلمەکە کە باس لە کارەساتی کیمیابارانکردنی گوندی رەش هەرمێ دەکات، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەفتە نمایشی سینەمایی و فۆتۆگرافی لە سەردەشت، لە مزگەوتی گوندی رەش هەرمێی سەر بەو شارە پێشاندرا. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە و خەڵکی گوندی رەش هەرمێ لە کاتی وێنەگرتندا هاوکاری بوونە. گوتیشی، بڕیارە لە 16ـی ئاداری 2025، لە زانکۆی سنە پێشانبدرێتەوە.
 
ئەحمەدی، ئەوەشی خستەڕوو، بەڵگەفیلمەکە لە چەندین فێستیڤاڵدا بەشداربووە و چەند خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە.
 

لە 28ـی حوزەیرانی 1987 لە شەڕی عێراق و ئێران، گوندی رەش هەرمێ نزیک شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان کیمیابارانکرا، بەهۆیەوە دەیان هاونیشتمانی شەهید و برینداربوون. بەڵگەفیلمەکە باسی ماڵباتی مام قادر مەولان دەکات کە دانیشتووی گوندی رەش هەرمێ بوون، چۆن بەر چەکی کیمیایی دەکەون، جگە لە خۆی و کوڕێکی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی شەهید دەبن، دواتر لە دادگەی لاهای مام قادر وەک شاهید و قوربانیی کیمیابارانەکە ئامادە دەبێت.
 
لە بەڵگەفیلمەکەدا مام قادر چیرۆکە تراژیدییەکەی دەگێڕێتەوە چۆن تەواوی خێزانەکەی لە دەست دەدات، جگە لە کوڕێکی کە ئەو کاتە لە ماڵەوە نەبووە. مام قادر بەر لە تەواوبوونی بەڵگەفیلمەکە کۆچی دوایی دەکات و دەبێتە سیمبوولی قوربانی چەکی کیمیایی لە گوندی رەش هەرمێ. بەڵگەفیلمەکە رۆژی 24ـی تشرینی دووەمی 2021 لە رووداو پەخشکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە