سەرنجی ئەمساڵی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام لەسەر رۆژئاوای کوردستان دەبێت

06-05-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام سازدەکرێت و سەرنجی ئەمساڵ رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە؛ لەسەر رۆژئاوای کوردستان و هونەری سینەما لەو بەشەی کوردستان دەبێت.
 
رێبەر دۆسکی، بەرپرسی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 10 تاوەکو 12ـی ئایاری 2024، سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام سازدەکرێت و 25 فیلم لە بەشە جیا جیاکاندا بەشدارن و لا میدیا هاوبەشی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەیە. گوتیشی، پێنج کورتەفیلم وەک فیلمی دەستپێک هەڵبژێردراون و لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵدا پێشاندەدرێن.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەرهەمی فیلمسازانی چوار پارچەی کوردستان لە فێستیڤاڵەکەدا هەن و میوان لە کوردستانەوە بۆ فێستیڤاڵەکە بانگهێشتکراون، جگە لە بەرهەمی فیلمسازانی کورد لە دیاسپۆرا و بەرهەمی فیلمسازانی بیانی لەبارەی کوردەوە. بەڵام سەرنجی ئەمساڵی فێستیڤاڵ لەسەر رۆژئاوای کوردستان دەبێت، ساڵی رابردووش لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
 
دۆسکی، روونیشیکردەوە، لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا، پێنج خەڵات دابەش دەکەن، ئەویش خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ، باشترین بەڵگەفیلمی درێژ، باشترین کورتەفیلم، باشترین کورتە بەڵگەفیلم و خەڵات بۆ باشترین پڕۆژەی فیلم. 
 
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، شەش مانگ بەر لە دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە، لە رێگەی ئەکادیمیایەکەوە خولێک بۆ ژمارەیەک فیلمسازی گەنج ساز دەکەن، ئەمساڵ شەش فێرخواز تێیدا بەشدارن و پڕۆژەی یەکێک لەو فێرخوازنە خەڵات وەردەگرێت، بڕی خەڵاتەکەش سێ هەزار یۆرۆیە. مانۆ خەلیل، دەرهێنەری ناسراوی کورد، سەرپەرشتی خولەکە دەکات و وانەکان پێشکێش دەکات.
 
رێبەر دۆسکی، لەمبارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئامانج لە خولەکە؛ رەخساندنی دەرفەتە بۆ فیلمسازانی کورد بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و وەرگرتنی ئەزموونی فیلمسازانی بە ئەزموون.
 
فێستیڤاڵەکە لە ئەمستردامی هۆڵەندا سازدەکرێت و ژمارەیەک فیلمسازی کورد وەک خۆبەخش تێیدا کاردەکەن.
 
رێبەر دۆسکی، لە 1975 لە دهۆکی باشووری کوردستان لە دایکبووە، لە هۆڵەندا دەژی و خوێندنی لە بواری دەرهێنانی فیلم لە ئەکادیمیای فیلم لە ئەمستردام خوێندووە، یەکەم بەڵگەفیلمی بەناوی "The Call" لە 2013 بەرهەمهێناوە و ساڵی دواتر کۆمپانیای بەرهەمهێنانی تایبەت بە خۆی بەناوی "ئادار فیلم" داناوە.
 
ئەو دەرهێنەرە کوردە لە 2015 بەڵگەفیلمی "The Sniper Of Kobani" بەرهەمهێناوە، لە 2016 بەڵگەفیلمی "رادیۆی کۆبانێ"ـی بەدەستهێنا و ئەم بەرهەمە خەڵاتی "IDFA" لە هۆڵەندا بەدەستهێنا، جگە لە چەندین خەڵاتی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا و لە 2017 بەڵگەفیلمی "Meryem"ـی بڵاوکردووەتەوە.
 
یەکێکی دیکە لە فیلمەکانی دۆسکی، فیلمی "سدیق و پڵنگ"ـە کە لە 2019 بەرهەمهاتووە و باس لە کەسێکی دانیشتووی دەڤەری بارزان بەناوی مەحەممەد سدیق بارزانی دەکات، ماوەی 25 ساڵ بە دوای پڵنگ لە دەرڤەری بارزان دەگەڕێت و دواجار ئەو ئاواتەی بە دی دێت و پڵینگ لەو دەڤەرە دەبینێت، ئەم بەرهەمە لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵتیدا بەشداربووە و چەند خەڵاتێکیشی بەدەستهێناوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشێک لە ستافی فیلمی "Furiosa: A Mad Max Saga"

بەشی نوێی 'Mad Max' لە فیستیڤاڵی فیلمی کانە

شەقامەکانی دەورووبەری کۆشکی فێستیڤاڵی کان جمەی دەهات، دەیان رۆژنامەڤان و سەتان فۆتۆگرافەر چاوەڕێی هاتنی خاوەنی بۆمبی ئەمساڵی کان بوون، جۆرج میلەر دەرهێنەری چوار بەشی زنجیرە فیلمی "Mad Max"ـە، دوای نۆ ساڵ بە نوێترین فیلمی زنجیرەکە کە پێنجەم بەشیەتی و بە ناوی "Furiosa: A Mad Max Saga" هاتووەتە کان و فەرشی سوور بۆ خۆی و ستافی فیلمەکەی راخراوە، بۆ ئەوەی بۆ یەکەم پێشاندانی ئەم بەشە نوێیە لە جیهاندا.