کیم نۆڤاک لە تەمەنی 92 ساڵیدا لە ڤێنیس خەڵات دەکرێت

06-09-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن کیم نۆڤاک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کیم نۆڤاک، ئەکتەری ناسراوی هۆڵیوود، لە تەمەنی 92 ساڵیدا و لە میانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس، خەڵاتی شانازیی شێری زێڕینی پێبەخشرا. لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا، ئامادەبووان نزیکەی 15 خولەک بە پێوە چەپڵەیان بۆ لێدا، وەک رێزێک بۆ ژنە ئەکتەرێک کە بە جوانی بوێرییەکەی لە هۆڵیوود دا ناسراوە.
 
کیم نۆڤاک، لەدایکبووی ساڵی 1933ـە، بە یەکێک لە دوایین ئەفسانە زیندووەکانی "سەردەمی زێڕینی هۆلیوود" دەناسرێت. پێشوازیکردنە گەرمەکەی لە فێستیڤاڵی ڤێنیس نیشانەی رێزگرتن بوو لە مێژوویەکی سینەمایی کە کاریگەریی لەسەر نەوەیەک لە بینەران هەبووە، هەروەها بۆ ژنێکی بەهێز کە بە گوتەی ئەلبێرتۆ باربێرا، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە، "یاخی" بووە و ژیانی خۆی بە ئازادی و دوور لە گوشارەکانی هۆڵیوود بەسەر بردووە.
 
(Vertigo)  و سێبەری جوانی
 
نۆڤاک بە سیمبولی جوانی ناسراوە بە رۆڵی لە فیلمی (Vertigo)ـی لە دەرهێنانی ئەلفرێد هیچکۆک لە 1958 ناسراوە، لە چەندین راپرسیدا وەک یەکێک لە باشترین فیلمەکانی مێژووی سینەما دەستنیشان کراوە.
 
دوای ساڵانێکی زۆر لە دوورکەوتنەوە، کیم نۆڤاک لە 2014 لە ئاهەنگی خەڵاتەکانی ئۆسکار دەرکەوتەوە، بەڵام رووخساری بەهۆی نەشتەرگەریی جوانکارییەوە گۆڕابوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەلایەن میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رەخنەی توندی لێ بگیرێت. یەکێک لە رەخنەگرەکان دۆناڵد ترەمپ بوو کە لە تویتێکدا نووسیبووی: "پێویستە کیم نۆڤاک سکاڵا لە پزیشکی جوانکارییەکەی بکات". نۆڤاک دواتر رایگەیاند، شتێک لە ژیانیدا زۆر لێی پەشیمانە ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییانە بووە و گوتی: "رووخساریان شێواندم."
 

ژیانێکی سەخت و رووبەڕووبوونەوەی هۆڵیوود
 
ژیانی کیم نۆڤاک هەر لە منداڵییەوە پڕ بووە لە سەختی. ئەو لە شیکاگۆ لە ماڵباتێکی کۆچبەری بە رەچەڵەک چیکی لەدایکبووە. لە بەڵگەفیلمێکدا ئاشکرای دەکات کە دایکی بەهۆی هەژارییەوە ویستوویەتی لەباری ببات، تەنانەت دوای لەدایکبوونی هەوڵی خنکاندنی داوە.
 
کاتێک چووە ناو جیهانی سینەماوە، هاری کۆن، بەڕێوەبەری ستۆدیۆی کۆلۆمبیا، ناچاری کرد ناوی خۆی (مارلین) بگۆڕێت بۆ کیم، چونکە دەیگوت "تەنیا یەک مارلین هەیە، ئەویش مارلین مۆنرۆیە". هەروەها گوشاریان خستبووە سەری کە شێوەی رووخساری بگۆڕێت، ئەمەش وای لێکرد هەر لە سەرەتاوە رقی لە هۆڵیوود بێتەوە. نۆڤاک دەڵێت، ئەم ئەزموونە هاوشێوەی ئەو کەسایەتییە بوو کە لە فیلمی (Vertigo)ـدا دوو پیاوی جیاواز هەوڵیان دەدا ناسنامەی بگۆڕن.
 

یاخیبوون لە سیستم
 
یەکێک لە وێستگە هەرە دیارەکانی ژیانی ئەو ئەکتەرە، پەیوەندییە خۆشەویستییەکەی بوو لەگەڵ گۆرانیبێژی رەشپێست سامی دەیڤس جونیۆر. لەو سەردەمەدا پەیوەندی لەنێوان سپیپێست و رەشپێستدا قەدەخە بوو، بۆیە بەڕێوەبەری ستۆدیۆکەی هەڕەشەی کوشتنی لە دەیڤس و لەناوبردنی کاروانی هونەریی نۆڤاکی کرد، ئەمەش وای لێکردن پەیوەندییەکەیان کۆتایی پێ بهێنن.
 
نۆڤاک لە دژی نایەکسانیی کرێی نێوان ئەکتەرانی ژن و پیاو وەستایەوە، مانی لە کارکردن گرت و کۆمپانیای بەرهەمهێنانی تایبەت بە خۆی دامەزراند. لە کۆتاییدا لە لووتکەی ناوبانگیدا و لە تەمەنی سی ساڵیدا، بڕیاری وازهێنانی لە هۆڵیوود دا.
 

ژیان لە دوای هۆڵیوود
 
دوای وازهێنانی، کیم نۆڤاک ژیانی خۆی بۆ نیگارکێشان تەرخانکرد و لەمبارەیەوە دەڵێت: "نیگارکێشان ژیانی رزگار کردم". هەروەها لە سەرەتای ساڵانی 2000ـدا، ئاشکرا بوو کە تووشی نەخۆشیی دووجەمسەری بووە و چارەسەری وەرگرتووە.
 
لە هەڤپەیڤینێک نوێیدا لەگەڵ رۆژنامەی (گاردیان)ـی بەریتانی، رەخنەی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ گرت و هانی خەڵکی دا دژی بوەستنەوە. سەبارەت بە دۆخی ژنان لە هۆڵیوود گوتی: "هەرچەندە پێشکەوتووین، بەڵام بەردەوام دەگەڕێینەوە دواوە. هێشتا سەرنجڕاکێشیی سێکسی بنەمایە و ئێستا میدیا و زیرەکیی دەستکرد دەتوانن هەموو شتێک بە ناڕاستی پێشان بدەن."
 
لە وەڵامی پرسیاری "دەتەوێت خەڵک چۆن یادت بکەنەوە؟"، کیم نۆڤاک گوتی: "دەمەوێت وا بیر بکەنەوە کە من لەگەڵ خۆمدا راستگۆ بووم و ستانداردی بەرزم بۆ خۆم دانا و بەپێی ئەوانە ژیام."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە