رووداو دیجیتاڵ
مایکڵ دۆگلاس، ئەکتەری ئەمریکیی تەمەنی 80 ساڵ، هۆکاری بڕیاری وازهێنانی لە کاری نواندنی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەنیاز نییە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە کاری نواندن بکاتەوە، مەگەر پڕۆژەیەکی "نایاب"ـی بێتە بەردەست.
ئەم لێدوانانەی دۆگلاس لە میانی بەشداریکردنیدا بوو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کارلۆڤی ڤاری، تێیدا فیلمی"One Flew Over the Cuckoo's Nest" ـی ئەو ئەکتەرە پێشاندرا کە بەرهەمی 1975ـە و 50 ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانیدا تێدەپەڕێت.
دۆگلاس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "کاتێک یەکەمجار هاتم بۆ ئێرە، فێستیڤاڵەکە لە سەرەتاکانیدا بوو، فێستیڤاڵێکی نوێ بوو. میلوش فۆرمان (دەرهێنەری فیلمەکە) هەستی کرد گرنگە بۆ وڵاتەکەی کە ئێمە بەشداری بکەین. بیرم دێت کە کاتێکی خۆشمان بەسەربرد، بەڕاستی شارێکی جادووییە."
لەبارەی داهاتووی پیشەیی خۆی، پاڵەوانی فیلمی "Wall Street" روونیکردەوە: "لە ساڵی 2022ـەوە کارم نەکردووە و ئەوەم بە ئەنقەست کردووە. تێگەیشتم کە پێویستە بوەستم. نزیکەی 60 ساڵە بە سەختی کارم کردووە و نامەوێت ببم بە یەکێک لەو کەسانەی لە کاتی وێنەگرتندا دەمرن."
باسی لە جەنگی خۆی دژی شێرپەنجەی گەروو کرد و گوتی: "تووشبوون بە شێرپەنجە لە قۆناغی چوارەمدا پشوو نییە، بەڵام بژاردەکان سنووردارن، وانییە؟". گوتیشی: "من ئەو پرۆگرامەم هەڵبژارد کە چارەسەری کیمیایی و تیشکی لەخۆدەگرت، بەختم هەبوو، چونکە نەشتەرگەری مانای ئەوە بوو کە توانای قسەکردنم لەدەستدەدەم و بەشێک لە شەویلگەم لادەبرا، ئەوەش وەک ئەکتەرێک کۆتی دەکردم."
دۆگلاس، روونیشیکردەوە: "من ناڵێم بە تەواوی خانەنشین بووم، بەڵام لە راستیدا هیچ نییەتێکم نییە بگەڕێمەوە، مەگەر شتێکی بەڕاستی نایاب بێتە بەردەستم، ئەوکات بە دڵنیاییەوە دەگەڕێمەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ