رووداو دیجیتاڵ
لە جیهانی فاشن و دیزاینی جلوبەرگدا، کولتووری نەتەوە و ئایینەکان ئاوێتەی دیزاینەکان دەکرێن، زۆرجار کولتوورە رۆژهەڵاتییەکان لە دیزاینەکاندا ئاوێتەی کولتوورە رۆژئاواییەکان دەکرێن و دیزاینێکی جیاواز بەرهەمدێت، یەکێک لەو دیزاینەرانە لاس مستەفایە کە دیزاینەرێکی کوردە.
ئەو دیزاینەرە کورد (25 ساڵ)، خەڵکی رواندزی باشووری کوردستانە و لەدایکبووی شاری سلێمانییە، لە 2017ـەوە لە ئیتاڵیا دەژی و لە 2023 بڕوانامەی دبلۆمی لە بواری فاشن دیزاین لە پەیمانگەی ئەوروپی بۆ دیزاین 'IED' لە میلانی ئیتاڵیا بەدەستهێناوە.
بۆ توێژینەوەی دەرچوون لە پەیمانگە، یەکەم کۆلێکشنی بەرهەمهێناوە کە بەناوی 'سێوی ژەهراوی'یە، ئەم ناونیشانەی کۆلێکشنەکەم گوزارشتە لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، لاس مستەفا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مەبەستی بووە لە کۆلێکشنەکەیدا کوردستان بناسێنێت، چونکە کاتێک لە ئیتاڵیا خۆی وەک خەڵکی کوردستان ناساندووە، مامۆستاکانی "زانیارییان لەبارەی کوردستان نەبووە، تا نەمگوتبا کوردستانی عێراق".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، توێژینەوەکەی جگە لەوەی کۆمەڵە دیزاینەکانی لەخۆدەگرێت، بەشێکی بە مێژوو و خەباتی سیاسی کورد و کولتووری کورد و کوردستان تەرخانکراوە. گوتیشی: "لە کۆلێکشنەکەمەدا کارم لەسەر کولتوور و جلوبەرگی تەواوی پێکهاتە ئاینییەکانی کوردستان کردووە، چونکە بەشێکی خەڵکی ئیتاڵیا وا دەزانن تەنیا ئایینی ئیسلام لە کوردستان و عێراق هەیە، بۆیە لە کۆلێکشنەکەم ویستم ئەو فرە ئاینییەی لە کوردستان هەیە؛ پێشانی بدەم".
کۆمەڵە دیزاینی 'سێوی ژەهراوی' تایبەتە بە پاییز و زستانی 2023-2024 و لە 25 دیزاین پێکهاتووە، لاس مستەفا، دەڵێت: "لە رێگەی دیزاینەکانمەوە دمەوێت کورد زیاتر بە جیهان بناسێنم و خەڵک لە جیهاندا ئەو جلوبەرگانە بپۆشن".
ئەو دیزاینەرە کوردە لە کۆلێکشنەکەیدا هەنار و تەسبێحی قەزوانی بەکارهێناوە و دەڵێت، لە منداڵییەوە حەزی بۆ فاشن هەبووە و لە یارییەکانی سەردەمی منداڵیدا، لەگەڵ خوشەکەکەی یاریی بە بووکەڵە و بەکارهێنانی جلوبەرگی بووکەڵەکان کردووە، هەروەها بەردەوام بە دیار ئامێری دوورمانی داپیرەی دانیشتووە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەو هەبووە کە لە منداڵییەوە حەز و خولیای بۆ ئەو بوارە هەبێت و باوکیشی پشتیوانی لە حەز و ئارەزووەکەی کردووە کە ببێتە دیزاینەر.
جگە لە دیزاینەرە ناوخۆییەکانی کوردستان، بەشێک لە دیزاینەرە کوردەکان، لە دەرەوە دەژین و هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن ناوبانگی جیهانی پەیدا بکەن و ناوێک بۆ فاشنی کوردستان لە فاشنی جیهاندا دروستبکەن.





کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ