رووداو دیجیتاڵ
ئەنجلینا جۆلی، ئەکتەری ناسراوی ئەمریکی و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ، لە نوێترین پۆستی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، رەخنەی تووندی لە سیاسەتی دووفاقیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پشتگوێخستنی ژیانی خەڵکی سڤیل لە جیهاندا گرت.
جۆلی ساڵانێکی زۆر وەک باڵیۆزی نیازپاکی بۆ کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە، لە پۆستەکەیدا کە رۆژی یەکشەممە 7ـی ئەیلوول 2025 بڵاویکردووتەوە، نووسیویەتی: "ئەم جۆرە لێدوان و ئاگادارکردنەوە مەترسیدارانە دەبێت کاریگەرییان هەبێت و ببنە هۆی گرتنەبەری رێوشوێن. ئێمە وەک مرۆڤ مافمان هەیە، نەک لەبەر ئەوەی کێین یان لە کوێ دەژین".
ئەو ئەکتەرە ناسراوە نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت: "جێگەی شۆکە کە دەبینین ژیانی چەندین مرۆڤی بێتاوان – و ئەو پرەنسیپانەی زۆربەمان باوەڕمان پێیانە و پشتیوانیان دەکەین – بەم شێوەیە پشتگوێ دەخرێن".
جولی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، ئەمە ئەنجامی ئەوەیە کە هەندێک کەس گرنگن و ژیانی هەندێکی دیکەش وەک ئەوە وابێت، گرنگ نەبن.
ئەنجلینا جۆلی رەخنەی تووند لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێت و دەڵێت: "ئەمە لووتکەی ئەو رێگە بێشەرمانەیەیە کە وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی هەڵدەبژێرن کام وڵات رەخنە لێبگرن یان پشتگوێی بخەن و یارمەتی و بەرگری لە کامیان بکەن".
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی دەیەیەکدا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تووندوتیژییەوە بە زۆر کۆچبەر و ئاوارە بوون لەسەر ئاستی جیهان دا، دوو هێندە زیادی کردووە، لەنێویاندا سودانی، سووری، ئەفغانی، ئۆکراینی و فەلەستینییەکان.
جۆلی جەخت لەوە دەکاتەوە "هیچ کام لەمانە بە رێکەوت روونادەن. بەڵکو بە ئەنقەستە" و دەڵێت، ئەمە بڕیاری حکومەتەکان دەگرێتەوە بۆ پشتگوێخستنی ئاگادارکردنەوەکان، لە کاتێکدا ژمارەی قوربانییان رۆژ لەدوای رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە.
ئەنجلینا جۆلی هۆشداری دەدات و دەنووسێت: "پێشینەی نوێ و شۆکهێنەر دادەنرێن کە واتای ئەوە دەبێت لە داهاتوودا خەڵکی سڤیل لە ململانێکاندا لە ئەمڕۆ زیاتر لاواز و بێبەرگری دەبن، جا بەهۆی برسێتییەوە بێت یان هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و قوتابخانەکان. ئەوانەی دەسەڵاتی پاراستنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییان هەیە و هیچ ناکەن، بەرپرسیارێتیان لە ئەستۆیە".
ئەستێرە درەوشاوەکەی هۆڵیوود، پۆستەکەی بەم رستە بەهێزە کۆتایی پێهێناوە: ئەو شتانەی بەرگەیان دەگرین، پێناسەی ئێمە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ