رووداو دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی (In The Blind Spot) لە دەرهێنانی ئایشە پۆلات، دەرهێنەری کورد، لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی فیلمی درێژی پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بەشدارە.
ئەم بەرهەمە لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاش و کۆمپانیای میتۆس فیلمە، کە باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات بۆ بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ ئەیووب ئەزیز چاپکورت، لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممەوە، کە نزیکەی چوار دەیەیە داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کەسوکارە نادیارەکانیا دەکەن.
ئەم بەرهەمە سینەماییە پێشتر لە چەندین فێشتیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمم بەشداربووە، یەکەم پێشاندانی جیهانیی لە 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا بوو لە 19ـی شوباتی 2023. لە 42یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئیستەنبووڵ، چوار خەڵاتی، ئەویش خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین سیناریۆ بۆ ئایشە پۆلات، باشترین مۆنتاژ و خەڵاتی فیپێڕشی (فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رەخنەگرانی فیلم). پۆلات خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەخشییە دایکانی شەممە.
پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە لە هەولێر، لە 7ـی شوباتی 2024 لەلایەن پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق بەرێوەچوو و بەشێک لە ستافی فیلمەکە ئامادە بوون.
.jpg)
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە رۆژانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە قەرس و بازیدی باکووری کوردستان وێنەگیراوە. کۆمپانیای (میتۆس فیلم) بەرهەمهێنەری سەرەکییەتی و کۆمپانیای (پۆنکت) و کەناڵێکی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری هاوبەشن.
.jpg)
بودجەی فیلمەکە نزیکەی دوو ملیۆن یۆرۆ بووە و وەزارەتی کولتووری ئەڵمانیا لە بەرهەمهێنانیدا بەشداربووە. ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکە لە ئاستی جیهاندا لە ئەستۆی کۆمپانیای (ئارت هوود ئینتەرتەیمنت)ـە.
پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە دروشمی (کولتووری کوردی و زمانی دایک)، لە رۆژانی 9 تا 16ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە هۆڵی کۆنگرێس لە زانکۆی سلێمانی و هۆڵەکانی ستی سینەما بەڕێوەبچێت.
تۆڕی میدیایی رووداو وەک سپۆنسەری میدیایی فێستیڤاڵەکە، رووماڵێکی فراوانی چالاکییەکان دەکات و زانکۆی سلێمانی هاوبەشی سەرەکییەتی. بە گوتەی رێکخەرانی گەورەتر و بەرفراوانتر لە ساڵانی رابردوو دەگەڕێتەوە و 150 فیلم لە کۆی 1500 فیلمی نێردراو لە 30 وڵاتی جیاوازەوە پێشان دەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ