یەکەم پۆستەری 'Avatar 2' بڵاوکرایەوە

10-05-2022
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای چەندین جار دواخستنی وادەی بڵاوکردنەوەی بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Avatar'، یەکەم پۆستەری ئەم بەرهەمە بڵاوکرایەوە و وێنەیەکی زۆی سالدانا، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە لەخۆدەگرێت.
 
سالدانا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستگرام، پۆستەرەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، چاوەڕوانی تەواو و 'Avatar 2' لە 16-12-2022 بڵاودەکرێتەوە.
 
زۆی ساڵدانا، ئەکتەری ئەمریکی، لە 19-6-1978 لە دایکبووە، جگە لە فیلمی 'Avatar' لە رێگەی زنجیرەی 'Star Trek' ناوبانگی پەیداکردووە، کۆی بەرهە سینەماییەکانی زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری ئەمریکی داهاتیان هەبووە.
 
بەرهەمهێنەرانی ئەم بەرهەمە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بەشەکانی داهاتووی زنجیرە فیلمەکە، بینەران تووشی شۆک دەکەن، لە بەرامبەردا جۆن ئۆلیڤەر، پێشکێشکاری تەلەڤزیۆنیی بەریتانی – ئەمریکی رایگەیاند، کەس بەلایەوە گرنگ نییە، بەتایبەت کە 13 ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانی بەشی یەکەمیدا تێدەپەڕێت.
 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەندێ شت هەن، ناکرێت بەرهەمهێنانی بەشی دیکەی 10 ساڵ بخایێنێت، 'Avatar' بە نموونە.
 
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای دیزنییە، لە مانگی تەممووزی 2021، بڵاوکردنەوەی چوار بەشی دیکەی دواخرا و بڕیارە لەم کاتانەدا بڵاوبکرێنەوە، 'Avatar 2' لە 16-12-2022، 'Avatar 3' لە 20-12-2024، 'Avatar 4' لە 18-12-2026 و 'Avatar 5' لە 22-12-2028.
 
یەکەم بەشی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2009 بەرهەمهات، جێمس کامیرۆن، دەرهێنەری و بەرهەمهێنەری ئەمریکی کاری دەرهێنانی بۆ کرد، بە کۆکردنەوەی زیاتر لە دوو ملیار و 800 هەزار دۆلاری ئەمریکی، بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی جیهاندا بوو، ئێستاش وەک دووەم پڕداهاتترین فیلم لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت.
 
ئەو داهاتە زۆرە وایکرد، بەرهەمهێنەرانی بیر لە بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی بکەنەوە، دواتریش بڕیاری چوار بەشی دیکەی درا، بەڵام لە دوای تێپەربوونی 13 ساڵ، بڕیارە بەشی دووەمی بڵاوبکرێتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی هۆگرانی ئەم فیلمەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
دواکەوتنی بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، چەند ساڵێک بە کاری بەرهەمهێنانییەوە پەیوەیست بوو، بەم دواییەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەری لەسەر دواخستنی بڵاوکردنەوەی هەبوو.
 
'Avatar' لە جۆری فیلمەکانی خەیاڵی زانستییە، بە بڕی 237 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەرهەمهاتووە، لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا لە هۆڵە سینەماییەکانی ئەمریکای باکووردا، زیاتر لە 77 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا.
 
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە سێ خەڵاتی ئۆسکار، لە کۆی ئەو نۆ خەڵاتەی بۆی بەربژێرکرابوو.
 
چیرۆکی فیلمەکە لەلایەن جەیمس کامیرۆن نووسراوە و رووداوەکانی ئەم بەرهەمە لە 2154 روودەدەن و بڕیاربوو لە 1997 بکرێتە فیلم، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوکات تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتوو نەبووە، بۆیە بەرهەمهێنانی دواخرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە