رووداو دیجیتاڵ
کاروان حەمید حەلاق، گۆرانیبێژ و ژەنیاری ئامێرە فوودارەکان، گۆرانییەکی هونەرمەند عەلی مەردان لەگەڵ گرووپی ئۆرکێسترای کولتووری کهچینگ گوتووەتەوە و بەبۆنەی جەژنی قوربان بڵاویکردەوە.
هونەرمەند کاروان حەمید حەلاق بە رووداوی راگەیاند، گۆرانییەکە بەناوی "کەی دێیتەوە"یە و لە یەکێک لە فێستیڤاڵە هونەرییەکانی شاری ئۆترێختی هۆڵەندا پێشکێشکردووە و بە پێویستی زانیوە لە جەژنی قوربان بڵاوی بکاتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، نەتەوە جیاوازەکان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوون و ئەو بەردەوام لەو جۆرە فێستیڤاڵانەدا بەشدارە و کار بۆ ناساندنی هونەری کوردی لە هۆڵەندا دەکات. گوتیشی: "دەتوانم بڵێم هونەری کوردی تێکەڵی رۆحی نەتەوە جیاوازەکان بووە".
روونیشیکردەوە، بەردەوام لە فێستیڤاڵەکاندا جلوبەرگی کوردی دەپۆشیت و ئەمە بە ئەرکی لە پێشینەیی هەموو کارەکانی دیکەی دەزانێت.
کاروان حەمید حەلاق، لە کەرکووک لەدایکبووە و نیشتەجێی هۆڵەندایە و لەگەڵ گرووپە ئۆرکێستراییەکانی هۆڵەندا کە نەتەوە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت، کۆنسێرت ساز دەکات و لە فێستیڤاڵە هونەرییەکاندا بەشدار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ