بەرهەمی زیاتر لە 60 وڵات لە 46ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی قاهیرە بەشدارن

12-11-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن 46ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەم، چالاکییەکانی 46ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە لە میسر دەستپێدەکات و تاوەکو 21ی مانگ بەردەوام دەبێت. فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی زیاتر لە 60 وڵات و ئامادەبوونی شاندی عەرەبی و نێودەوڵەتی لە سینەماکاران، بەرهەمهێنەران و دابەشکاران بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 120 فیلمی تێدا نمایش دەکرێن.
 
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە رایگەیاند، فیلمی (The Blue Trail) لە دەرهێنانی گابرێل ماسارۆ، دەرهێنەری بەرازیلی-پۆرتوگالی، وەک فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە لە یەکەم نمایشی جیهانییدا پێشکێش دەکرێت. 
 
فیلمەکە بەرهەمێکی هاوبەشی بەرازیل، پۆرتوگال و ئیسپانیایە، باس لە پەیوەندیی مرۆڤ بە یادەوەری و ناسنامەوە دەکات لە ژینگەی ئەمازۆندا.
 
نووری بیلگە جەیلان سەرۆکی لیژنەی دادوەرانە
 
پێشبڕکێی سەرەکیی نێودەوڵەتی 14 فیلم لەخۆدەگرێت لە وڵاتانی میسر، فەلەستین، تونس، مەغریب، تورکیا، بەلجیکا، فەرەنسا، کەنەدا و مەکسیک. جگە لە بەشداریی 13 فیلمی میسری لە بەشە جیاوازەکانیدا.
 
نووری بیلگە جەیلان دەرهێنەری دیاری تورک، خاوەنی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی فێستیڤاڵی کان بۆ فیلمی (Winter Sleep)، وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەرانی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی دەستنیشانکراوە.
 
هاوبەشیی ستراتیژی و گرنگیدان بە گەنجان
 
فێستیڤاڵەکە هاوبەشییەکی ستراتیژی لەگەڵ پلاتفۆرمی دیجیتاڵی (WATCH IT) راگەیاندووە. بەپێی رێککەوتنەکە، بەشێک لە چالاکییەکانی فێستیڤاڵ بە شێوەی ئۆنلاین پەخش دەکرێن، خەڵاتێکی تایبەتیش لەلایەن پلاتفۆرمەکەوە پێشکێش دەکرێت و پشتگیریی سینەماکارە گەنجەکان دەکرێت.
 
هەروەها بەرنامەیەکی تایبەت بۆ خوێندکاران و سینەماکارە گەنجەکان رێکخراوە کە چەندین وۆرکشۆپ لە بوارەکانی نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دەرفەتی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ سینەماکارە نێودەوڵەتییەکان.
 
چیرۆکی هیند رەجەب لە کۆتایی فێستیڤاڵدا
 
بڕیارە فێستیڤاڵەکە بە فیلمی (دەنگی هیند رەجەب) کۆتایی بێت، کە بەرهەمێکی هاوبەشی تونس و فەرەنسایە و لە تۆمارێکی دەنگیی راستەقینەی کچە فەلەستینییەکە، هیند رەجەب، وەرگیراوە.
 
وەزارەتی رۆشنبیریی میسر جەختی لەوە کردووەتەوە، فێستیڤاڵەکە "رووکارێکی سەرەکیی سینەمای عەرەبییە" و بەشدارە لە بەهێزکردنی پێگەی قاهیرە وەک ناوەندێکی هەرێمی بۆ هونەری بینراو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەندامانی گرووپی (BTS)  لە یەکێک لە کۆنسیرتەکانیاندا

دوای چوار ساڵ دابڕان (BTS) گەشتێکی جیهانیی رادەگەیێنێت

گرووپی کەی-پۆپی (BTS)، گەڕانەوەی خۆی بۆ سەر تەختەی شانۆ بە گەشتێکی جیهانیی فراوان لە 2026-2027 راگەیاند، ئەمەش یەکەمین دەرکەوتنی بەکۆمەڵی ئەندامانی گرووپەکەیە دوای تەواوکردنی خزمەتی سەربازی لەلایەن سەرجەم ئەندامەکانیانەوە.