جەعفەر دیهقان(ماکسیمیلیان): رەگێکم کوردە

14-11-2025
فوئاد رەحیم
هەڤپەیڤینی تایبەت لەگەڵ جەعفەر دیهقان.
هەڤپەیڤینی تایبەت لەگەڵ جەعفەر دیهقان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جەعفەر دێهقان، ئەکتەری دیاری ئێرانی کە بینەری کورد بە رۆڵەکانی پۆتیڤار و ماکسیمیلیان دەیناسێتەوە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو بۆ یەکەم جار ئاشکرای دەکات کە داپیری کوردە و دەڵێت، "من رەگێکم کوردە." 
 
دێهقان، باسی ژیانی هونەریی خۆی دەکات و ئامادەیی خۆیشی بۆ بەشداریکردن لە فیلمی کوردیدا دەردەبڕێت، هاوکات سەرسوڕمانی خۆی لە ئاشنانەبوونی بە سینەمای کوردی نیشان دەدات و دەڵێت: "هەست دەکەم کێشەکە زمان نییە. کێشەکە پەیوەندی و ئەو یەکدی ناسینەیە، کە لەوانەیە هێشتا متمانەمان بە یەکدی نەبێت."
 
جەعفەر دێهقان دەڵێت: "هیچ ئاشنایەتییەکم لەگەڵ سینەمای کوردی نییە.. ئەگەر داوام لێ بکرێت، بە گیان و بە دڵ ئامادەم لە فیلمی کوردیدا بەشدار بم." 
 
هاوکات، باس لەوە دەکات، "من خۆم کوردەکانم زۆر خۆشدەوێت.. رۆڵی پێشمەرگەیەکی کوردم لە ئێران گێڕاوە." 
 
دەقی هەڤپەیڤین
 
رووداو: بەڕێز دێهقان زۆر دڵخۆشم ئێوە لە کوردستان دەبینم. سەرەتا پرسیارەکانمان بەوەوە دەستپێبکەین کە ئێوە بە شانۆ دەستتانپێکردووە، دواتر سینەما و تەلەڤزیۆن. ئێستا خوێندنەوەتان بۆ شانۆ چییە؟
 
جەعفەر دێهقان: سڵاوم هەیە لە خزمەت ئێوە و سەرجەم خەڵکی خۆشەویست و خوێنگەرمی کوردستان، پێمخۆشە لێرەوە سڵاو لە هەموویان بکەم و پێزانینی خۆم بۆ هەموو خەڵکی خۆشەویستی کوردستان رابگەیێنم. من کارەکەم لە تەمەنی 12 ساڵییەوە بە شانۆ دەستپێکردووە. واتا بەر لە شۆڕشی ئێران. دوای سەرکەوتنی شۆڕش چوومە نێو کەرتی هونەرییەوە و دووبارە لەوێ نزیکەی دوو ساڵ بە شێوەی پیشەیی (پڕۆفێشنال) راهێنانی ئەکتەریم لەژێر چاودێریی مامۆستایانی گەورە تێپەڕاندووە و هەر بەوشێوەیە درێژەم پێدا تاوەکو ساڵی 1359 (1980ـی زایینی) کە من لە یەکەم فیلمی سینەمایی بە ناوی تۆجیح رۆڵم گێڕا. دواتر درێژەم پێدا و هاوکات کاری شانۆشم دەکرد، شانۆنامەکانی وەک تیری غەیب، بەند، بەهەشتی من ئێرەیە، حەسار لە حەساردا و زۆر شانۆنامەی دیکە، کە هەبوون چی بەر لە شۆڕش و چی دوای شۆڕش. کارمان لەسەر ئەوانە کردبوو و دواتر وردە وردە چوومە نێو تەلەڤزیۆن و ئیدی دەرفەت نەبوو کە کاری شانۆ بکەینەوە. زیاتر درێژەم بە کاری تەلەڤزیۆنی و سینەمایی دا، تاوەکو بەهەرحاڵ سوپاس بۆ خودا تەمەنم گەیشتووەتە نزیکەی 70 ساڵ، ئێستا 68 ساڵم.
 
رووداو: تەمەن درێژ بن.
 
جەعفەر دێهقان: بەڵێ. خەڵاتی جۆراوجۆریشم بەدەستهێناوە بەهۆی ئامادەبوونم لەنێو زۆربەی فیلمەکان، لە سیمورغی بلوورینەوە تاوەکو خەڵاتی باشترین ئەکتەری سینەمایی بەرگریی پیرۆز، خەڵاتی فێستیڤاڵەکان، زۆرن، خەڵاتەکان زۆرن. تاوەکو ئێستا کارم کردووە و سوپاس بۆ خودا پاریش دکتۆرای ئەکتەریم وەرگرتووە، وەک ئەکتەری پلە یەک، بڕوانامەی ئەکتەریی پلە یەکیان پێداوم.
 
رووداو: تەمەندرێژ بن بەڕێز دێهقان. بەڕێز دێهقان لە زۆربەی فیلمەکاندا رۆڵی ئەکشنت گێڕاوە، ئەوە حەز بووە یان رێککەوت؟
 
جەعفەر دێهقان: نا نا. بە هیچ شێوەیەک رێککەوت نەبووە، ئەوە حەز بوو. سەیر بکە ئەکتەر دەبێ ئەزموونی ژانری جۆراوجۆری هەبێت، منیش ژانری جۆراوجۆرم ئەزموون کرد لە سینەمای بەرگریی پیرۆزەوە بگرە تاوەکو سینەمایی بەهاکان، سینەمایی ئایینی، چیرۆکە قورئانییەکان، کارە مێژووییەکان. کاری گەورەم کردووە، حەزیشم دەکرد لەپاڵ ئەوانە، لەنێو ژمارەیەک کاری ئەکشنیشدا رۆڵ بگێڕم. بەوهۆیەوە کە حەزم نەدەکرد هیچ ستونتمانێک(stuntman) (بەدەڵکار) کارەکانی من بکات. من تەواوی ئەو دیمەنانەی کە دەبووایە ستونتمان تێیدا دەربکەوێت، خۆم کردوومن، چونکە من پشتێنی رەشی دانی پێنجی وەرزشی هونەری شەڕ (رەزمی)م هەیە، گوتم کە بۆچی ئەو وەرزشە و ئەو توانایەی کە هەمە بۆ باشتربوونی کارەکانم بەکارینەهێنم. من هاتم ئەو توانایەم تێکەڵ کرد لەگەڵ فیلمە بەهاییەکان وەکو شێرە گەنجەکان (شیرهای جوان)، یاسە دڕندەکان (یاسهای وحشی) کە دوو فیلمی تەواو وەرزشی و هونەری شەڕن. توانای خۆشم لە وەرزشەکانی هونەری شەڕ بەرز کردەوە.
 
رووداو: بەڕێز دێهقان بینەری کورد زیاتر ئێوە بە دوو رۆڵی پۆتیڤار لە فیلمی یوسفی پێغەمبەر و ماکسیمیلیان لە فیلمی یارانی ئەشکەوت دەناسنەوە. چۆن بوو کە ئەم رۆڵانەت گێڕا و بۆ خۆت زیاتر کامەیانت پێ باشترە؟ 
 
جەعفەر دێهقان: من سەرەتا رۆڵم لە پیاوانی ئانجلێس یان هەمان هاوەڵانی ئەشکەوت گێڕاوە. ئەوە یەکەم زنجیرە بوو، کە من دواتر کارم لەگەڵ تەلەڤزیۆن دەستی پێکرد. واتا من بە زنجیرەی هاوەڵانی ئەشکەوت کارم لە تەلەڤیزیۆن دەستپێکرد. بەر لەوە هەندێک نیگەرانیم هەبوو، دەترسام.
 
رووداو: بۆچی؟
 
جەعفەر دێهقان: دەمگوت ئەگەر بڕیارە بچمە نێو تەلەڤیزیۆن و کار بکەم، پێویستە بە کارێکی باش کە بمێنێتەوە بچم، ئامادەبم و بتوانم مانەوەی خۆم بپارێزم. ئەوە بوو کە ئەو کارانەی کە پێیان پێشنیاز دەکردم بۆ تەلەڤیزیۆن قبووڵم نەدەکردن و تەنیا کاری سینەماییم دەکرد. تاوەکو ئەو کاتەی زنجیرەی پیاوانی ئانجلێس هاتە پێشەوە و بینیم بەڵێ رۆڵێکی باشە و ژانرەکەی دەمێنێتەوە. هەڵمبژارد و دوای ئەویش هاتمە نێو زنجیرەی یوسفی پێغەمبەر و سوپاس بۆ خودا جێگەی سەرنج و بەدڵی خەڵکی جیهان بوو، نامەوێت ئێستا بڵێم هەموو جیهان، بەڵام زۆربەی وڵاتانی موسڵمان ئەو زنجیرانەیان بینیوە و پەیوەندییەکی زۆرباشیان لەگەڵ دروست کردوون، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ و دەوروبەر. بەهۆی ئەو دوو کارەوە من گەشتم کردووە بۆ زۆربەی وڵاتان و بووینە خۆشەویستی خەڵکەکانیان.
 
رووداو: بەڕێز دێهقان بەر لەوە لەبارەی سینەمای کوردی و ئاشنایی ئێوە لەگەڵ ئەو سینەمایە پرسیار بکەم. بەر لەوەی هەڤپەیڤینەکە دەستپێبکەین گوتت کە داپیرەت کوردە.
 
جەعفەر دێهقان: بەڵێ. بەڵێ
 
رووداو: ئێوە خۆتان بە کورد دەزانن؟
 
جەعفەر دێهقان: سەیر بکە من تورک و کوردم. واتا باپیرەم تورکە و داپیرەم کوردە. بە هیچ شێوەیەک ناتوانم لەنێوانیان جیاوازی دابنێم، جیایان بکەمەوە. بەڵێ بۆچی نا، من رەگێکم کوردە بەهەرحاڵ، من رەگێکم کوردە.
 
رووداو: واتا دەتوانین بڵێین بەڕێز جەعفەر دێهقان کوردە؟
 
جەعفەر دێهقان: بەڵێ. بە هەر شێوەیەک کە حەزتان لێیە بیڵێن. گرنگ ئەوەیە کە من ئێرانیم. گرنگ ئەوەیە کە من ئێرانیم و لەنێو ئێرانیش لەدایکبوومە. لە تەنیشت خەڵکی بوێر، پاڵەوان و شەهیدپەروەری ئەو وڵاتە، وڵاتی ئێران. واتا هیچ جیاوازییەک نییە کە تۆ بڵێی ئەوانە کوردن، ئەوانە تورکن، ئەوانە لوڕن و ئەوانەش بەلووچ، نا گرنگ ئەوەیە ئێمە هەموومان ئێرانین و پێکەوە خەریکە ژیان دەکەین لەوپەڕی ئارامی و ئاسایشدا. زۆریش لەوبارەوە دڵخۆشین، من خۆم کوردەکانم زۆر خۆشدەوێت، نەوەک بەهۆی ئەوەی داپیرەم کورد بوو، نا. بەڵکو بەهۆی دڵکراوەیی و راستگۆییەکەیان، بەهۆی دڵسۆزی و هۆگرییان بە یەکدی. ئەوەندە ئەو کوردانە دڵسۆزن، ئەوەندە دڵکراوەن کە تۆ ناتوانیت بە ئاسانی لێیان تێبپەڕیت.
 
رووداو: تاوەکو چەند ئاشناییت لەگەڵ سینەمای کوردی هەیە بەڕێز دێهقان؟
 
جەعفەر دێهقان: راستگۆ بم؟ هیچ ئاشنایەتییەکم نییە. 
 
رووداو: بۆچی؟
 
جەعفەر دێهقان: من هێشتا هیچ شتێکم نەبینیوە. لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت کە هیچ رووداوێک رووینەداوە. ئایا خەڵکی کوردستان تەنانەت سینەمایان هەیە؟ بەرهەمی هەیە؟
 
رووداو: بەڵێ.
 
جەعفەر دێهقان: ئەی بۆچی ئێمە نایبینین؟ بۆچی ئێمە ئەوانە نابینین؟
 
رووداو: هیچ داواکارییەک لەلایەن بەرهەمهێنەران لە ئێوە نەکراوە؟
 
جەعفەر دێهقان: نا بەداخەوە. رووینەداوە. 
 
رووداو: پێتوانییە بەهۆی بابەتی زمانی کوردییە؟
 
جەعفەر دێهقان: بۆچی نا. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکان بەهۆی زمانی کوردییەوە بێت. بەڵام ئێستا سینەما و ئەو تەکنیکانەی کە لەنێو سینەمادا هەن ئەو کێشانەی چارەسەر کردووە، تەنانەت پێویست ناکات من بڵێم دەبێ لە فیلمەکەدا هەر بە کوردی قسە بکەم. نا فارسی قسە بکە، دەقی ئەو دیالۆگەی کە بڕیارە بە کوردی بگوترێت، بە فارسی بیڵێ، دواتر وەردەگێڕدرێت. ئێستا مەگەر ئێوە ئەو زنجیرانەی کە لە ئێران بەرهەم دەهێنرێت بە زمانی کوردی نایانبینن؟
 
رووداو: وایە. وایە.
 
جەعفەر دێهقان: دەی هەر ئەوەیە ئیدی. جیاوازییەکی نییە. من هەست دەکەم کێشەکە ئەوە نییە، کێشەکە زمان نییە. کێشەکە پەیوەندی و ئەو یەکدی ناسینەیە، کە لەوانەیە هێشتا متمانەمان بە یەکدی نەبێت.
 
رووداو: ئەگەر داواتان لێ بکرێت ئێوە ئامادەن؟
 
جەعفەر دێهقان: بەڵێ. بۆچی نا؟ بە گیان و بەدڵ.
 
رووداو: لە هیچ فیلمێکی کوردیدا رۆڵت هەبووە؟
 
جەعفەر دێهقان: لە ئێران بەڵێ. من لە ئێران لە فیلمێکی سینەماییدا رۆڵم گێڕاوە بە ناوی هەراس. رۆڵی پێشمەرگەیەکی کوردم گێڕاوە. رۆڵی پێشمەرگەیەکی کوردم گێڕاوە لە ئێران، بەڵام ئەوەی کە لە ئێران هەندێک قسە دەکرێت و دەیانەوێت جیاوازی دابنێن، من رۆڵی کوردم گێڕاوە، رۆڵی پێشمەرگەی کورد لە ئێران، و یەکێک لە پڕفرۆشترین فیلمی سینەمایی مێژووی ئێران بووە.
 
رووداو: بەڕێز دێهقان ئەگەر پرسیارێکی دیکە بکەم، هەندێک جار گلەیی دکرێت کە بەشێک لەو بابەتانەی کە تایبەتن بە کولتوور و رەسەنایەتیی کورد لە بەشێک لە فیلمەکاندا دەخرێنە پەراوێزەوە. ئێوە شتێکی لەو شێوەتان بینیوە؟
 
جەعفەر دێهقان: نا خودا ئاگادارە. ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن، دەیانەوێت ناکۆکی دروست بکەن، بەدوای ناکۆکییەوەن لەنێوان ئێمە نەتەوەکان، بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجی تایبەتی خۆیان. هیچ بەو شێوەیە نییە. ئێمە لە ئێران خەریکە زۆر بە ئاسوودەیی پێکەوە دەژین و سوپاس بۆ خودا هیچ کێشەیەکیشمان نییە.
 
رووداو: ئەکتەر و بەرهەمهێنەرانی کورد لە ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
 
جەعفەر دێهقان: خەریکە کار دەکەن. دەتوانیت زۆربەی ئەو پرسیارانە لە ئەکتەرە کوردەکان بکەیت.
 
رووداو: بەڵام وەکو هونەرمەندی دێرین قسەی ئێوە... بەڵگەیە.
 
جەعفەر دێهقان: قوربانی ئێوەم. بەڵێ ئێستا هونەرمەندی باشی کوردمان هەیە لە سینەمای ئێراندا کە خەریکە کار دەکەن. بۆ نموونە بەڕێز فەرشید سەنجارخان، فەرهاد ئەسڵانی، نەوید محەممەدزادە ئەوانە هەموو کوردن و خەریکە لە سینەمادا کار دەکەن. هەر کامەیان ماشائەڵڵا ئەستێرەیەکن لە سینەمای ئێراندا.
 
رووداو: پەیوەندیی ئێوە پێکەوە چۆنە؟
 
جەعفەر دێهقان: من لەگەڵ بەڕێز ئەسڵانی لە زنجیرەی موختارنامەدا کارم کردووە و هاوڕێی باشی یەکدین، بەڵام ئەوە رووینەداوە لەگەڵ نەوید محەممەدزادە پێکەوە رۆڵ بگێرین، بەڵام بۆ من جێگەی رێزە و لە ئەکتەرە باشەکانی سینەمای ئێرانە.
 
رووداو: بەڕێز دێهقان سینەمای ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ لە چ ئاستێکدایە سینەمای ئێران؟
 
جەعفەر دێهقان: سینەمای ئێران، ئەگەر ئێستا بتەوێت بەراوردی بکەیت، دەبێ ئەو بەراوردە لەگەڵ سینەمای بەر لە شۆڕش بکرێت. چاو لێبکە سینەمای بەر لە شۆڕش لە کوێ بوو و سینەمای دوای شۆڕشیش چاو لێبکە. چاو لە سینەمای دوای شۆڕش بکە، لە سەرجەم فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان هەموو خەڵاتەکان دەباتەوە و دەدرەوشێتەوە. فیلمسازە ئێرانییەکان لە فێستیڤاڵەکانی دەرەوەی وڵات خەریکن دەدرەوشێنەوە، بەڵام ئەوە بەر لە شۆڕش رووینەداوە.
 
من پێموایە سینەمای ئێران روو لە گەشەکردنە، راستە خاڵی لاوازمان هەیە، هەندێک کێشەمان لە سینەمادا هەیە، هەندێک بابەت هەن لە هەمبەر ئەم فیلمانە و شتی دیکە کە ئەوانەش بە تێپەڕبوونی کات ئینشائەڵڵا چارەسەر دەبن.
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز جەعفەر دێهقان، ئەکتەری دیاری سینەمای ئێران کە لە هەڤپەیڤینەکەدا لەگەڵ ئێمە بوون. سوپاس.
 
جەعفەر دێهقان: منیش دەستخۆشی لە ئێوە دەکەم و لێرەوە سڵاوێکی تایبەت پێشکێشی سەرجەم خەڵکی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان دەکەم. بە هیوای بینینتان. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیۆ پێری، ئەکتەری ئەمریکی - کەنەدی

پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.