رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور رایگەیاند، شۆن بەیکەر، دەرهێنەری ئەمریکیی براوەی خەڵاتی ئۆسکار، وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەرانی فیلمە درێژەکان بۆ پێنجەمین خولی فێستیڤاڵەکە دەستنیشان کراوە، کە چالاکییەکانی لە 4 تا 13ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە شاری جەددە بەڕێوەدەچێت.
شۆن بەیکەر، دەرهێنەری فیلمەکانی (ئانۆرا - Anora) و (پڕۆژەی فلۆریدا - The Florida Project)، بە یەکێک لە دیارترین ئەو دەرهێنەرانە دەناسرێت کە گۆڕانکارییەکی جۆرییان لە سینەمای سەربەخۆدا کردووە.
دوایین فیلمی بەناوی (ئانۆرا) کە لە 2024 بەرهەمهێنرا، پێنج خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆی رەسەن، باشترین مۆنتاژ و باشترین ئەکتەری ژن بەدەستهێناوە.
بەیکەر بە فیلمی (تانجەرین - Tangerine) ناسراوە کە لە 2015 پێشاندرا و بە تەواوی بە مۆبایلی ئایفۆن وێنەگیرابوو، ئەمەش وەک وەرچەرخانێک لە مێژووی سینەمای سەربەخۆدا هەژمار دەکرێت. هەروەها فیلمی (پڕۆژەی فلۆریدا) لە 2017 بەرهەمهێنرا و ستایشێکی جیھانیی بەرفراوانی بەدەستهێنا و بووە هۆی بەربژێرکردنی ویلیەم دافۆ بۆ خەڵاتی ئۆسکار، گۆڵدن گڵۆب و بافتا.
فەیسەڵ باڵتویور، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی فیلمی دەریای سوور، لەبارەی هەڵبژاردنی بەیکەرەوە گوتی: "شۆن بەیکەر یەکێکە لەو دەرهێنەرە پێشەنگانەی کە شوێنپەنجەی تایبەتی لە جیهانی سینەماداجێهێشتووە. ئەو بە پێشکێشکردنی گێڕانەوەی واقیعی و دیدگەی هونەریی ناوازە ناسراوە کە سنوورەکانی داهێنانی سینەمایی بۆ ئاسۆیەکی نوێ هانداوە. ئێمە پابەندبوونی قووڵی ئەو بە پیشەسازیی سینەمای سەربەخۆ و باوەڕی بە هێزی چیرۆکی راستگۆیانە بەرز دەنرخێنین".
لەمبارەیەوە شۆن بەیکەر رایگەیاند: "شانازییە بۆ من سەرۆکایەتیی لیژنەی دادوەرانی فیلمە درێژەکان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور دەکەم. بەردەوام سەرسام بووم بە شێوازی ئاهەنگگێڕانی ئەم فێستیڤاڵە بە دەنگە سینەماییە بوێر و هەمەجۆرەکان لە سەرانسەری جیهانەوە".
لە فێستیڤاڵەکەدا بە بەشداریی بەرهەمی وڵاتانی ئاسیا، ئەفریقا و جیهانی عەرەبی، 16 فیلمی درێژ کێبڕکێ لەسەر بردنەوەی خەڵاتەکانی (یوسر) دەکەن.
تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو خولی رابردووی فێستیڤاڵەکەدا رووماڵی تایبەتی کردووە. لە خولەکانی پێشوودا، بەڵگەفیلمی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، کە رووداو هاوبەش بوو لە بەرهەمهێنانیدا، لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندرا و لە کێبڕکێدا بوو. لە خولی چوارەمدا، هەڵکەوت مستەفا نوێترین پڕۆژەی خۆی بەناوی (فارووق) راگەیاند کە بەڵگەفیلمێکە و بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە.
جگە لە نمایشی فیلمەکان، فێستیڤاڵەکە چەندین بەرنامەی پیشەیی وەک (بازاڕی پڕۆژەکان) و (وۆرکشۆپی پەرەپێدانی سیناریۆ) لەخۆدەگرێت، ئامانج لێی پشتگیریکردنی پیشەسازیی فیلم و پەرەپێدانی بەهرە نوێیەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ