رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنی گێری، ئەو ئەکتەرەی لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بە رۆڵی لوک لە زنجیرەی (General Hospital) ناوبانگی جیهانی دەرکردبوو، لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
تۆڕی میدیایی (ABC) لە راگەیێندراوێکدا مردنی ئەو هونەرمەندەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "زۆر خەمبارین بە کۆچی دوایی ئەنتۆنی گێری؛ ئەو کەسەی بە رۆڵی لوک سپێنسەر پێناسەی زنجیرەی جێنراڵ هۆسپیتڵ و تەلەڤزیۆنی کرد".
گێری رۆژی یەکشەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2025 {بە کاتی ئەمریکا}، لە ئەمستەردامی هۆڵەندا، بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەوە کە سێ رۆژ دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک بۆی دروستبووە، گیانی لەدەستداوە.
لە کاروانی هونەریدا کە زیاتر لە 40 ساڵی خایاند، گێری هەشت خەڵاتی ئێمی (Daytime Emmy)ـی بەدەستهێناوە. ئەو ساڵی 1978 پەیوەندی بە زنجیرەکەوە کرد و چیرۆکە بەناوبانگەکەی (لوک و لۆرا) لە زنجیرەکەدا بووە هۆی ئەوەی وێنەیان بچێتە سەر بەرگی گۆڤارە جیهانییەکان.
ئاهەنگی هاوژینی لوک و لۆرا لە زنجیرەکەدا، بووە رووداوێکی گەورە و ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد، کە 30 ملیۆن بینەر لەو کاتەدا سەیریان کرد و تەنانەت ئەلیزابێس تایلەر، ئەستێرەی جیهانی وەک میوان بەشداری تێدا کرد.
ئەنتۆنی گێری جگە لەو رۆڵە، بەشداریی لە چەندین کاری شانۆیی و زنجیرەی دیکەدا کردووە وەک (The Young and the Restless). ئەو تاوەکو 2015 بەشێوەی پچڕپچڕ رۆڵی لوکی دەبینی، دواجار لە 2017 وەک دەرکەوتنێکی تایبەت گەڕایەوە نێو زنجیرەکە.
سەرەتای دەرکەوتنی گێری لە هونەردا لە شانۆ بوو لە زانکۆی یوتا، دواتر رووی لە لۆس ئەنجلس کرد، ساڵانی کۆتایی تەمەنی، ژیانێکی هێمنی لەگەڵ کلاودیۆ گامای هاوژینی لە ئەمستەردام بەسەر دەبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ