رووداو دیجیتاڵ
'Top Gun: Maverick' نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Top Gun' ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-5-2022، پێشاندانی تایبەتی لە سینەماکانی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
لە نمایشەکەی لەندەن، فرۆکەیەکی جۆری 'Eurofighter Typhoon' لە دەرەوەی هۆڵی سینەما دانراوە کە لە فیلمەکەدا بەکارهاتووە، ئەمەش زیاتر سەرنجی بینەرانی فیلمەکەی بەلای خۆیدا راکێشاوە.
پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە لە چوار هۆڵی سینەمایی لەندەن دەبێت و بەشێک لە ستافی فیلمەکە لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادە دەبن، بە تایبەتیش تۆم کروز، ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە.
رۆژی چوارشەممە 19-5-2022 ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان پێشاندرا و تۆم کروز ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە ئامادە بوو.
ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی جۆزێڤ کەسینسکییە و لەبارەی بەشداریکردنی لە فیستیڤاڵی فیلمی کان، رایگەیاندبوو "خەونی هەموو دەرهێنەرێک ئەوەیە رۆژێک بتوانێت بچێتە کان".
بڕیارە 'Top Gun: Maverick' لە 25-5-2022 لە سینەماکانی فەرەنسا و بەریتانیا و لە 27 هەمان مانگ لە سینەماکانی ئەمریکا پێشانبدرێت.
جگە لە پێشاندانی فیلمەکە لە فیستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی چڵەخوورمای زێڕین بە تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی و ئەستێرەی فیلمە ئەکشنەکان بەخشرا، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە سینەماییەکانی.
تۆم کروز، لە 3-7-1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10.1 ملیار دۆلار لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
کروز، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی 'Business' لە 1986، فیلمی 'The Color of Money'لە 1986 و فیلمی 'Born on the 4th of July' لە 1988.
چالاکییەکانی 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، لە 17-5-2022 دەستیپێکرد و تاوەکو 28 مانگ لە شاری کانی باشووری فەرەنسا بەردەوام دەبێت و 21 فیلمی سینەمایی کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین دەکەن.
'Top Gun' فیلمێکی دراما و ئەکشنی ئەمریکییە، یەکەم بەشی لە 1986 بڵاوکرایەوە، دەرهێنەری تۆنی سکۆت و بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرزە، بودجەی بەرهەمهێنانی 15 ملیۆن دۆلار بوو و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 356 ملیۆن دۆلار بوو.
کروز، رۆڵی ماڤێریک ئەفسەری هێزی دەریایی دەگێڕێت، کە فڕۆکەوانێکی دەریایی گەنجە لەناو کەشتی فڕۆکەهەڵگری (USS) کاردەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ