دادگەی ئێران سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر جەعفەر پەناهی دەسەپێنێت

19-07-2022
دڵزار زوبێر
A+ A-

رووداو-هەولێر

دادگەی ئێران سزای شەش ساڵ بەندکردنی بۆ جەعفەر پەناهی، فیلمسازی نێوداری ئێرانی دەرکرد، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پەناهی لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە تارانی پایتەخت دەستبەسەرکرا. 
 
رۆژی سێشەممە، 19ـی تەممووزی 2022، مەسعوود ستایشی، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پەناهی لە ساڵی 2010 دا سزای شەش ساڵ بەندکرنی بۆ دەرچووە و گوتیی، ئێستا گوازراوەتەوە بۆ گرتووخانەی ئەڤین لە تاران بۆ ئەوەی لەوێ سزاکەی بەسەردا جێبەجێبکرێت.
 
پەناهیی تەمەن 62 ساڵ، وەکو رەخنەگرێک لە ئێران تەماشادەکرێت و خاوەن ژمارەیەک خەڵاتی نێودەوڵەتییە لەبواری فیلمسازیدا، لەنێویدا؛ براوەی خەڵاتی بەرلینە بۆ فیلمی "تاکسی" لە ساڵی 2015  و براوەی خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی کان-ی فەرەنسایە بۆ فیلمی "سێ ڕوو" لە ساڵی 2018 دا. 
 
پەناهی سێیەم دەرهێنەرە لە ماوەی ئەم مانگەدا لە ئێران دەستبەسەرکرابێت. ئەوەش دوای دەستبەسەرکردنی مستەفا ئەحمەد و محەممەد رەسوولۆف، کە ئەوانیش براوەی خەڵاتی نێودەوڵەتین لە بواری فیلمسازیدا. 
 
پەناهی لە ساڵی 2010دا بەهۆی پاڵپشتیی بۆ خۆپێشاندانەکانی دژی حکومەت دەستبەسەرکرا. دواتر بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لە دژی "سیستەمی دەوڵەت" سزای شەش ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرا و بەرهەمهێنان و نووسینی سیناریۆی فیلمی لێ قەدەخە کرا. هاوکات، لێی قەدەخەکرا وڵات جێبهێڵێت. 
 
ئەو سینەماکارە تەنیا دوو مانگی لە بەندیخانەدا بەسەربرد و دواتر بە مەرج ئازادکرا، بەڵام لە 11ـی تەممووزی ئەمساڵ دوای ئەوەی چووە نووسینگەی داواکاری گشتی بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ کەیسی رەسولۆف بکات، جارێکی دیکە دەستبەسەرکرا. 
دەستبەسەرکردنی هەردووکیان لە کاتێکدابوو کە هەردووکیان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە نامەیەکی کراوەدا، سەرکۆنەی دەستبەسەرکردنی هاوڕێکانیان کرد. 
 
تاوەکو ئێستاش هەریەکە لە فەرەنسا و رێکخەرانی فیلمە فیستیڤاڵی کان و فیلمە فیستیڤاڵی ڤێنس سەرکۆنەی دەستگیرکردنی ئەو فیلمسازانەیان کردووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە