رووداو دیجیتاڵ
کاتێک جەنگ دەبێتە میوانێکی ناوەخت و دەرگەی ماڵە ئارامەکان لێدەدات، چیتر ژیان وەک خۆی نامێنێتەوە. بەڵگەفیلمی "سێ ساڵ شەڕ"ـی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا ژماردنی رۆژەکانی شەڕ نییە، بەڵکو گەشتێکی ناخهەژێنە بۆ قووڵایی ئەو ژیانەی کە گەلی ئۆکراینا تێدا دەژی.
فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی دڵنیا رەحمانە، پەنجەرەیەک بەسەر ئەو جیهانەدا دەکاتەوە کە هەواڵەکان تەنیا سەردێڕەکانی دەگوازنەوە. کامێرای ئەحمەد عومەر، لەگەڵ وشەکاندا، دەمانباتە نێو شەقام و کۆڵانە وێرانەکانی ئۆکراینا؛ بەتایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، شارگەلێک وەک کراماتۆرسک، سلۆڤیانسک، چاسیڤیارە و کۆنستانتینیفکا کە ئێستا بۆنی بارووت و خەمی لێ دێت، نەوەک ئەو ژیانە پڕ لە ئارامی و خۆشوییەی پێشتر خەڵک تێیدا دەژیا.
بەڵگەفیلمەکە، چیرۆکی جەنگ لە زمانی میدیاکان و بەرپرسە باڵاکانی ئۆکراینا و جیهان ناگێڕێتەوە، بەڵکو گوێ لە چرپەی ئەو خەڵکە سڤیلە دەگرێت کە گەورەترین قوربانین. دوو هاوژین لە نێو ماڵەکەیاندان کە بەهۆی بۆردوومان زیانی پێگەیشتووە، دەستی یەکدیان گرتووە؛ دیمەنەکان هەستی پڕ لە خۆشەویستی دوو هاوژین دەخاتەڕوو کە خەریکە جەنگ وێرانی دەکات.
فیلمەکە گەشتێکە بە نێو دەنگە نەبیستراوەکانی ئۆکراینای خەمبار، دەنگی ڤلادیسلاڤی نائومێد کە هەست دەکات لە چاوەڕوانی مەرگدایە، لەگەڵ هۆشداریی سەربازێکی ماندوو لە نزیک باخموت کە داوا لە تیمی رووداو دەکات نەچنە پێشوە "دەکوژرێن". ئەمە دەنگی راستەقینەی جەنگە؛ دەنگێک کە لە ترس و بێهیواییەوە سەرچاوە دەگرێت.
بووچە؛ برینی هەرە قووڵی ئەم کارەساتەیە. شارێکە بە مۆنۆمێنتێک یادی 509 قوربانی جەنگەکە دەکاتەوە، لە پاڵ مۆنۆمێنتەکە، کەنیسەی شارەکە بووەتە پێشانگەیەکی کراوە بۆ وێنەی ئەو کەسانەی بەهۆی جەنگەوە ماڵئاواییان کرد، ئیتر دەنگیان نابیسترێت و رووخساریان نابینرێتەوە.
چیرۆکی ژنێک دوای لەدەستدانی هاوژینەکەی تووشی خەمۆکی دەبێت، بەڵام لەدایکبوونی نەوەکەی دەبێتە چرایەکی نوێی ژیانی، ئەمەش ئەو پەیامە دەگەیەنێت؛ لەوپەڕی تاریکیشدا، هیوا دەتوانێت چرۆ بکات و ژیانێکی نوێ بە رووی هەموواندا بکرێتەوە.
لە کۆتاییدا، لە کیێڤی جوان و برینداردا، کە ئاسمانی بەردەوام لەژێر هەڕەشەی درۆنەکاندایە، چوار گەنج ئامێری "بانودرا"ـی میللی دەژەنن کە ئەماێرێکی میوزیکیی ئۆکراینایە و لە عوود و چەنگ دەچێت. ژەنینەکە تەنیا ئاوازێک نییە، بەڵکو ئومێدێکە بۆ ئاشتی و هاوارێکە بۆ گەڕانەوەی ژیان.
"سێ ساڵ جەنگ" تابلۆیەکی هونەریی خەمناک و پڕ هیوایە، بڕوا عومەر مۆنتاژ، نیاز محەممەد تۆمارکردنی دەنگ، جووتیار قارەمان دۆبلاژ و ئاشتی حەمید گرافیک بۆ کردووە.
بەڵگەفیلمی "سێ ساڵ شەڕ" لە یوتیوبی رووداو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ