گرووپی جۆلەمێرگ کۆلێکتیڤ چیرۆکێکی خۆشەویستی کوێستانەکان نوێدەکاتەوە

22-11-2025
پەسار فایەق
دیمەنێک لە ڤیدیۆکلیپی (حەیران دێ رابە)
دیمەنێک لە ڤیدیۆکلیپی (حەیران دێ رابە)
نیشانەکردن جۆلەمێرگ کۆلێکتیڤ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی میوزیکی جۆلەمێرگ کۆلێکتیڤ لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، بەرهەمێکی نوێی بەناوی (حەیران دێ رابە) بڵاوکردەوە، ئەویش نوێکردنەوەی گۆرانییەکی فۆلکلۆریی ناوچەی جۆلەمێرگە و بە میوزیکێکی نوێ کاری بۆ کراوە و بە دەنگی ئیمرا ئایدن و موسا ئەرتوش گوتراوەتەوە.
 
موسا ئەرتوش، گۆرانیبێژی بەرهەمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: (حەیران دێ رابە) یەکێکە لە بەرهەمە فۆلکلۆرییە دیارەکانی ناوچەی جۆلەمێرگ و ناوەڕۆکێکی سۆزداری هەیە.
 
لەبارەی چیرۆکی گۆرانییەکەشەوە دەڵێت: "گۆرانییەکە لەلایەن کەسێکەوە بۆ خۆشەویستەکەی گوتراوە، تێیدا داوای لێدەکات پێکەوە بچنە کوێستانەکان".
 
جۆلەمێرگ کۆلێکتیڤ، گرووپێکی میوزیکییە لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، ئامانجی سەرەکییان کارکردنە لەسەر نوێکردنەوەی بەرهەمە فۆلکلۆرییەکانی کوردی بەگشتی و ناوچەی جۆلەمێرگ بەتایبەتی.
 
ئیمرا ئایدن، ئەندامی گرووپەکە کە هاوکات کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ گۆرانییەکە کردووە، بە رووداوی گوت: (دێ رابە حەیران) تێکست و ئاوازەکەی فۆلکلۆری ناوچەی جۆلەمێرگە، لەگەڵ هونەرمەند قادر کلنچ کاری میوزیکیان بۆ کردووە.
 
کاری دابەشکردنی میوزیک و تۆمارکردنی لەلایەن ئیمرا ئایدن و کاری میکس و ماستەرینگی لەلایەن ئیرمان ئایدۆنەر بۆ کراوە.
 
کاری دەرهێنان و مۆنتاژی ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لەلایەن ئیرهان کاراهان و عومەر کاپلان ئەنجامدراوە و لە تەواوی پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان بڵاوکراوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە