رووداو دیجیتاڵ
سکارلێت جۆهانسن، ئەستێرەی سینەمایی هۆڵیوود، رۆڵی سەرەکی لە فیلمە نوێیەکەی دەرهێنەر مایک فلانەگان دەگێڕێت، کە بە تێڕوانینێکی "نوێ و بوێر"ـەوە بۆ زنجیرە فیلمی بەنێوبانگی (The Exorcist) کاری تێدا دەکرێت.
هەردوو کۆمپانیای (Blumhouse) و (Universal) لە پشت ئەم هەوڵە نوێیەن بۆ زیندووکردنەوەی ئەو زنجیرە فیلمە ترسناکە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە 2023 هەوڵێکیان لە رێگەی فیلمی (The Exorcist: Believer)ـەوە بۆ دروستکردنی زنجیرەیەکی نوێ شکستیهێنا.
مایک فلانەگان، سیناریۆی فیلمەکەی نووسیوە و کاری دەرهێنان و بەرهەمهێنانیشی بۆ دەکات. بەپێی زانیارییەکان، ئەم بەرهەمە نوێیە نە دووبارەکردنەوەی فیلمە کۆنەکەیە و نە تەواوکەری بەشەکانی پێشووە، بەڵکو رووداوەکانی جیاوازن، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکارییەکانی چیرۆکی فیلمەکە بە نهێنی ماوەتەوە.
فیلمی رەسەنی (The Exorcist) کە لەسەر بنەمای رۆمانێکی ویلیام پیتەر بلاتی و بە دەرهێنانی ویلیام فریەدکین دروستکرابوو، باس لە کچێکی بچووک دەکات کە رۆحی شەڕەنگێز دەچێتە جەستەیەوە و ژمارەیەک قەشە هەوڵی رزگارکردنی دەدەن. فیلمەکە کاتی خۆی بۆ 10 خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکرا.
بەشەکانی دواتریش زۆربەیان جەختیان لەسەر چیرۆکی ئەو کچە دەکردەوە دوای گەورەبوونی، یان چیرۆکی قەشەکان و دۆسییەی دیکەی هاوشێوە.
مایک فلانەگان کاتێک لە ئایاری 2024 بەشداربوونی خۆی لەم پرۆژەیە راگەیاند، گوتی: "(The Exorcist) یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکرد ببمە سینەماکار، شانازییەکی گەورەیە هەلێکی وا رەخساوە تاوەکو شتێکی نوێ، بوێر و ترسناک لەنێو ئەو جیهانەدا تاقی بکەمەوە".
مایک فلانەگان بە دەرهێنانی بەرهەمی وەک (Doctor Sleep) و (Gerald’s Game) و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکانی (Midnight Mass) و (The Haunting of Hill House) ناسراوە، لە رێگەی کۆمپانیاکەی خۆیەوە (Red Room Pictures) بەرهەمهێنان بۆ فیلمەکە دەکات. هەروەها جەیسن بڵەم و دەیڤید رۆبینسۆنیش وەک بەرهەمهێنەر بەشدارن.
سکارلێت جۆهانسن دوایین جار لە فیلمی (Jurassic World: Rebirth)ـی بەرهەمی کۆمپانیای Universal دەرکەوت، کە داهاتەکەی لە سەرانسەری جیهاندا 868 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ