'On the adamant' خەڵاتی ورچی زێڕینی بەرلینالەی بەدەستهێنا

26-02-2023
پەسار فایەق
نیکۆلاس فیلیبێرت، براوەی خەڵاتی ورچی زێڕین، وێنە: AFP
نیکۆلاس فیلیبێرت، براوەی خەڵاتی ورچی زێڕین، وێنە: AFP
نیشانەکردن 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دوایین چالاکییەکانی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەڕێوەدەچێت و شەوی رابردوو خەڵاتەکانی ئەم خولە دابەشکران و بەڵگەفیلمی 'On the adamant' لە دەرهێنانی نیکۆلاس فیلیبێرت، خەڵاتی ورچی زێڕینی بەدەستهێنا کە خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵە.
 
فیلمەکە باس لە ناوەندێک دەکات کە چارەسەری کەسانی بە تەمەن دەکات و کێشەی دەروونییان هەیە.
 
نیکۆلاس فیلیبێرت، براوەی خەڵاتی ورچی زێڕین رایگەیاند: "من پێموایە کە ئەمە زۆر یارمەتیمان دەدات. دەکرێت فیلمەکە بفرۆشرێت، لە وڵاتی جیاجیادا بفرۆشرێت. لەوانەیە ژمارەی بینەران زیاتر بێت و گوێ بۆ پەیامی فیلمەکە بگیرێت".
 
خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەری فیستیڤاڵ بەخشرایە فیلمی 'Afire' و خەڵاتی ورچی زیوین بەخشرایە فیلمی 'Bad Living'.
 
خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بەخشرایە فیلیپ گارێل، فیلمسازی فەرەنسی بۆ فیلمی 'The Plough' کە باس لە سێ خوشک و برا دەکات، ئەوان هەوڵدەدەن پیشەی بووکەڵەسازی ماڵباتەکەیان بە زیندووی بهێڵنەوە.
 
خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی بەخشرایە سۆفیا ئۆرتێرۆ، ئەکتەری ئیسپانی کە رۆڵی منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان لە فیلمی '20,000Species of Bees' دەگێڕێت و خەڵاتی باشترین ئەکتەری لاوەکی بەخشرایە تیا ئێهرێ، ئەکتەری نەمسایی بە رۆڵگێڕان لە فیلمی 'Till the End of the Night'.
 
خەڵاتی باشترین سیناریۆ بەخشرایە فیلمی 'Music' و هێلین لۆڤارت، وێنەگری سینەمایی ئەڵمانی، خەڵاتی ورچی زیوینی بۆ بەشدارییە هونەرییە ناوازەکەی لە فیلمی 'Disco Boy' بەدەستهێنا.
 
بەر لە دابەشکردنی خەڵاتەکانی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین کە بە بەرلینالە ناسراوە، ئەندامانی دەستەی دادوەری بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین، لەوانەش کریستین ستیوارت، ئەکتەری ئەمریکی و سەرۆکی دەستەکە.
 
ستیوارت بەهۆی جلوبەرگە رەشە تولەکەیەوە بەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵدا تێپەڕی و سەرنجی ئامادەبووان و میدیاکانی بەلای خۆیدا راکێشا.
 
گولشیفتە فەراهانی، ئەکتەری ئێرانی کە یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دادوەری فێستیڤاڵ بوو، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی دەستەکە لەسەر فەرشی سوور دەرکەوت.
 
دیانا بێرگ، ئەکتەری ئەڵمانی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای ئۆکراینا لەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵ دەرکەوت وەک پاڵپشتییەک لەو وڵاتە کە ئێستا رووبەڕووی هێرشی رووسیا دەبێتەوە.
 
هەروەها ئەو فیلمساز و ئەکتەرانەی بەربژێری خەڵاتە سەرەکییەکان بوون، بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین، بێگومان بۆ ئەو بۆنە گرنگ و تایبەتە؛ بە جوانترین شێوە خۆیان رازاندبووەوە.
 
73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی پێشبڕکێی نەوەکان، بەشی پێشبڕکێی فۆڕم، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پانۆڕاما، بەشی نمایشی تایبەت، بەشی نمایشی سینەمای کلاسیک، لە 16 شوباتی 2023 لە بەرلینی ئەڵمانیا دەستیپێکرد و ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی شوباتی 2023 چالاکییەکانی کۆتایی دێت.
 
73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، بە پێشاندانی فیلمی 'She Came to Me' دەستیپێکرد کە ئێن هاسەوەی، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
 
فیلمێکی کوردی بەناوی 'In The Blind Spot' لە دەرهێنانی ئایشە پۆلات، دەرهێنەری باکووری کوردستان، لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاشە و لە بەشی پێشبڕکێی 'ئەنکاونتەرس' لە پێشبڕکێدابوو.
 
ئەم بەرهەمە لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی ئەیووب 'ئازیز چاپکورت'، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.
 
هەروەها فیلمێکی دیکە بەناوی 'دەروازەی خەونەکان' لە دەرهێنانی نگین ئەحمەدی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەشی پێشبڕکێ 'نەوەکان' پێشبڕکێی دەکرد.
 
بەرهەمهێنانی فیلمەکە زیاتر لە شەش ساڵی خایاندووە، چیرۆکی کچێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە بە دوای بەشێک لە شووناسی خۆیەوە بە کامێڕاکەی دەچێتە ناو کچە شەڕڤانەکانی کۆبانییەوە؛ کچانێک کە نە تەنیا لە دژی داعش، بەڵکوو بۆ جیهانی خۆیانیش شۆڕشیان کردووە.
 
خولی ئەمساڵ جیاوازییەکی هەیە، ئەویش بەشداری ژمارەیەکی بەرچاوە لە دەرهێنەرانی ژن کە 40٪ دەرهێنەرە بەشداربووەکانی ئەمساڵ پێکدێنن و فیلمەکەنیان پێشاندەدرێن.
 
فێستیڤاڵەکە بە بەرلینالە ناسراوە و ئەمساڵ رێزێکی تایبەت لە ئۆکراینا و ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەگرێت.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1951 بەڕێوەچووە و بە یەکێک لە پێنج باشترین فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڤن کۆستنەر لە فیلمی (Horizon)

کێڤن کۆستنەر بەهۆی نەدانی پارەی جلوبەرگ سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت

لە کاتێکدا کێڤن کۆستنەر، ئەکتەر و دەرهێنەری ناسراوی هۆڵیوود، هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی بودجە دەدات تاوەکو زنجیرە فیلمە کلاسیکییەکەی (Horizon: An American Saga) تەواو بکات، ئێستا بەهۆی نەدانی پارەی کرێی جلوبەرگی فیلمەکە، رووبەڕووی سکاڵایەکی یاسایی بووەتەوە.