رووداو دیجیتاڵ
بیلی ئایڵێش، گۆرانیبێژی پۆپی ئەمریکی، بەرزترین خەڵاتی لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی میوزیکی ئەمریکی بەدەستهێنا، ئەویش خەڵاتی هونەرمەندی ساڵە کە لەلایەن جەماوەرەوە دەنگی بۆ دەدرێت.
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی میوزیکی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی ئایاری 2025 (بە کاتی کوردستان) لە لاس ڤێگەسی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
جگە لە بیلی ئایڵێش هەریەک لە ستایلەر سوێفت و کێندریک لامار و چەند گۆرانیبێژێکی دیکە بەربژێری خەڵاتەکە بوون.
بە گشتی ئایڵێش بەربژێری حەوت خەڵات بوو و توانی هەر حەوت خەڵاتەکەش بەدەستبێنێت، لەوانەش باشترین ئەلبوومی ساڵ و باشترین هونەرمەند.
ئایڵێش، بەهۆی گەشتە هونەرییەکەیەوە نەیتوانی لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە ئامادە بێت، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "ئەمە شتێکی شێتانەیە. هەست دەکەم ناتوانم دەریببڕم... هیوای ئەوەم دەخواست ئەمشەو لەوێ بوومایە".
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە تەمەن 23 ساڵە، لە ئایاری 2024 سێیەم ئەلبوومی ستۆدیۆی بڵاوکردەوە.
بیۆنسێ، گۆرانیبێژی ئەمریکی هەرچەند لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە نەبوو، بەڵام خەڵاتی باشترین هونەرمەند و ئەلبوومی میوزیکی کانتری لە رێگەی ئەلبوومی "Cowboy Carter"ـەوە پێبەخشرا، ئەمەش یەکەمجارە لەو شێوازە میوزیکییە خەڵات لە رێوڕەسمەکەدا بەدەستبێنێت.
بەر لە دابەشکردنی خەڵاتەکان، جێنیفەر لوپێز، گۆرانیبێژی ئەمریکی سەما و گۆرانی پێشکێشکرد و شەش خولەکی خایاند کە ئاوێتەکردنی 23 گۆرانی هونەرمەندە بەشداربووەکان بوو.
جانێت جاکسن، گۆرانیبێژی ئەمریکی و خوشکی مایکڵ جاکسن، خەڵاتی ئایکۆنی پێبەخشرا، خەڵاتەکە بەو هونەرمەندانە دەبەخشرێت کە کاریگەریی جیهانییان هەیە.
خەڵاتی تەمەنێک چالاکی بەخشرایە رۆد ستیوارت، گۆرانیبێژی پۆپ (80 ساڵ) و گۆرانیی "Forever Young"ـی پێشکێشکرد کە لە 1984 بڵاوکراوەتەوە.
جگە لەم خەڵاتانە، چەندین خەڵاتی دیکە دابەشکران و خەڵاتی باشترین هونەرمەندی کەی پۆپ بەخشرایە ئاڕ ئێم، سەرۆکی گرووپی کەی پۆپی "بی تی ئێس".
خەڵاتەکانی میوزیکی ئەمریکی، خەڵاتێکی ساڵانەیە و لەلایەن دیک کلارک لە 1973 دامەزرێندراوە، بە یەکێک لە چوار گرنگترین خەڵاتە میوزیکییەکانی ئەمریکا دەرناسرێت، ئەویش گرامی، بیلبۆرد و خەڵاتی هۆڵی بەناوبانگەکانی میوزیکی رۆک ئاند رۆڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ