لە قەڵای هەولێرەوە خەڵاتی باشترین شانۆنامەی کوردی رادەگەیێندرێت

27-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن خەڵاتی دانا رەئووف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمێکدا لە قەڵای هەولێر، خەڵاتی دانا رەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی رادەگەیێندرێت و باشترین دەقی شانۆیی کوردی بۆ ئەمساڵ خەڵات دەکرێت. 
 
رێوڕەسمەکە کاژێر 18:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، لە قەڵای هەولێر بەڕێوەدەچێت. 
 
خەڵاتەکە بەناوی دانا رەئووف، نووسەر و شانۆکار کراوە و لەلایەن ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپرەوە ساز دەکرێت و رێوڕەسمی راگەیاندنی خەڵاتەکە لەلایەن لامیدیاوە بەڕێوەدەبرێت. 
 
خەڵاتەکە هەنگاوێکە بۆ گرنگیدان بە شانۆنامەی کوردی، لە کاتێکدا زۆرجار گلەیی لە کەمیی دەقی باشی شانۆیی لە شانۆی کوردیدا دەکرێت. 
 
دانا رەئووف، لە بەغدا هونەری شانۆی تەواو کردووە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەریی کوردی. لە 1992ـەوە لە ستۆکهۆڵمی سوێد دەژی و هەر لەو وڵاتە خوێندنی شانۆی پراکتیکی و شانۆی پێداگۆگیی خوێندووە. 
 
لە ستۆکهۆڵم تیپێکی شانۆیی تایبەت بە خۆی بە ناوی "شانۆی پریشکی نێونەتەوەیی" دامەزراندووە و وەکو ئەکتەر و دەرهێنەر بە زمانی سوێدی و لەگەڵ شانۆی سوێدی کاری کردووە. بۆ ماوەی شەش ساڵ لە شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم و دوو ساڵ لە شانۆی گەل و شانۆی دەوڵەت کاری کردووە. لەلایەن پسپۆرانی زانستەکانی شانۆوە، لە دوو کتێبدا کە یەکێکیان بە ئینگلیزی و ئەوی دیکەیان بە سوێدییە، لێکۆڵینەوە لەبارەی کار و چالاکییەکانییەوە کراوە. 
 
ئەو شانۆکارە کوردە تاوەکو نزیکەی 50 کتێبی لە بواری شانۆدا چاپ کردووە، چەندین دەقی شانۆیی و لێکۆڵینەوەی لە زمانی سوێدییەوە کردووەتە کوردی، هاوکات کتێبی بە زمانی سوێدی بڵاوکردووەتەوە. یەکێک لە کتێبە سوێدییەکانی بە ناوی "رەوش و داهێنان" لە زانکۆی ستۆکهۆڵم و زۆربەی پەیمانگەکانی هونەری شانۆ لە پرۆگرامی خوێندن بەکاردەهێنرێت. کارین هیلاندەر، پرۆفیسۆر لە زانستەکانی شانۆ لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، پێشەکیی بۆ نووسیوە. 
 
دانا رەئووف لە پەیمانگەی هونەری نواندن لە ستۆکهۆڵم وانەی گوتووەتەوە و هاوکات مامۆستای شانۆیە. هەروەها چەندین سیمیناری لە سوێد و کوردستان سەبارەت بە شانۆ، بە زمانەکانی سوێدی و کوردی پێشکێش کردووە. بەشداریی چەندین کۆڕ و سیمیناری لە سوێد، دانیمارک و بەریتانیا کردووە. جگە لە نووسین، وەرگێڕان و کتێبە تیۆرییەکانی، دەقی شانۆییشی نووسیوە. 
 
سەرپەرشتیی بڵاوکراوە شانۆییەکانی کوردستانی کردووە، وەکو گۆڤاری "شانۆ" و زنجیرەی "دەقی شانۆیی بیانی" لە دەزگای ئاراس و سەرپەرشتیی گۆڤاری "تاڤ" دەکات کە تایبەتە بە شانۆ و لە سلێمانی چاپ دەکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەفتە نمایشی جلوبەرگی داکار. وێنە؛ AFP

داکار جیاوازتر لە پایتەختەکانی فاشن دیزاینەکانی لە نێو بەلەم نمایش دەکات

بیست و سێیەمین خولی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی داکار لە سێنیگال، بە شێوازێکی جیاواز و چاوەڕواننەکراو بەڕێوەچوو؛ لەجیاتی هۆڵە داخراوەکان و رۆیشتن لەسەر فەرش، مۆدێلەکان لەسەر بەلەمی ماسیگران و لەنێو شەپۆلەکانی دەریادا جلوبەرگەکانیان نمایشکرد.