رووداو دیجیتاڵ
ئەلیکسێندەر پەین، دەرهێنەری ئەمریکی، سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەریی پێشبڕکێی سەرەکیی خولی داهاتووی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا دەکات.
82ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە 27ـی ئاب تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 2025 بەڕێوەدەچێت و بە یەکێک لە گرنگترین رووداوە سینەمایی و هونەرییەکان لە جیهاندا دەناسرێت.
ئەلیکسێندەر پەین لە رێگەی فیلمەکانی ناوبانگی پەیداکردووە کە لایەنی مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی ورد و کاریگەر لەخۆدەگرن، بەتایبەتیش لە فیلمی "The Holdovers"، "Sideways"، "Nebraska" و "The Descendants".
پەین رایگەیاند: "شانازییەکی گەورە و دڵخۆشییەکی زۆرە بۆ من؛ وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەریی لە فێستیڤاڵی ڤێنس بەشدار بم". ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "بەرامبەر مێژووی دێرینی ئەو فێستیڤاڵە کڕنۆش دەبەم؛ کە وەک هونەرێکی زیندوو یادی سینەما دەکاتەوە".
سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵ بڕیار لەبارەی بەخشینی گرنگترین خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی ڤێنس دەدەن، ئەویش شێری زێڕینە بۆ باشترین فیلم و شێری زیوین بۆ باشترین دەرهێنەر، جگە لە چەند خەڵاتێکی دیکە.
سەختە بەرهەمەکانی ئەلیکسێندەر پەین لە یەک ژانری سینەماییدا پۆلێن بکرێن، ناوەڕۆکی فیلمەکانی کۆمێدیای کەم و تراژیدیای قوڵ لەخۆدەگرن، بە شێوازێکە کە بوونیاتنانێکی ورد و گەڵتەجارییەکی کاریگەرییان هەیە.
بەرهەمەکانی ئەو ئەکتەرە بۆ 24 خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراون، دووجار ئۆسکاری باشترین سیناریۆی وەرگیراوی لە رێگەی هەردوو فیلمی " Sideways" و "The Descendants"ـە بەدەستهێناوە.
ئەمساڵ 93 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فێستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا بەڕێوەدەچن.
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ