رووداو دیجیتاڵ
زینوێ راوی و جوانێ، لەگەڵ گرووپی میوزیکی رەزبەر، کۆنسێرتێک لە کەرکووک سازدەکەن و داهاتەکەی پێشکێش بە تووشبووانی شێرپەنجە دەکرێت.
کۆنسێرتەکە بەناونیشانی "هونەر نەتەوەکان کۆدەکاتەوە"یە و بە هاوکاری سەنتەری رۆشنبیریی کەرکووک سازدەکرێت.
کۆنسێرتەکە بە بلیتە و کاژێر 5:00ـی ئێوارەی هەینی 2ـی ئایاری 2025، لە سەنتەری رۆشنبیریی کەرکووک ساز دەکرێت. زینوێ راوی وەک گۆرانیبێژ بە چەند بەرهەمێک لە کۆنسێرتەکەدا بەشدارە و میوانی بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال" بوو و گوتی، نرخی بلیتی کۆنسێرتەکە پێنج هەزار دینارە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 900 بلیت فرۆشراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەلایەن پزیشکێکی ددانەوە پێشنیازی بۆ کراوە لە کۆنسێرتەکەدا بەشدار بێت. روونیشکردەوە، جگە لە خۆی کە وەک دەنگێکی خانەقینی بەشدارە، هونەرمەندانی سلێمانی، کەرکووک و هەورامانیش بەشدارن.
شانیا عەلی، وەک دەفژەن لە کۆنسێرتەکەدا بەشدارە و لە بەرنامەکەدا گوتی، زۆر گرنگە ئەو کارە بکرێت و وەک میوزیکژەنێک حەزی کرد تێیدا بەشدار بێت.
جگە لە کۆنسێرتەکە، هەر لە هۆڵی رۆشنبیریی کەرکووک، چالاکی دیکەی هونەری دەکرێن، لەوانەش کردنەوەی پێشانگەی شێوەکاری، فۆتۆگرافی و کاری دەستی و خواردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ