رووداو دیجیتاڵ
کورتە فیلمی 'Black Butterfly' لە دەرهێنانی شیرین جیهانی دەرهێنەری کورد، لەبارەی رگەزپەرستییە و لە ڤانکۆڤەری کەنەدا بەرهەمهاتووە، یەکێک لە پێنج کورتە فیلمە خەڵاتکراوەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی کانە لە فەرەنسا و جیهانی، لە ڤیدیۆیەکەدا خەڵاتەکە دەخاتەڕوو و پێشکێش بە نەتەوەی کوردی دەکات.
عیسا مێرگەسۆری، پرۆدیۆسەری فیلمەکە و هاوژینی شیرین جیهانییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'Black Butterfly' یاخود 'پەپوولەی رەش'، بەرهەمی 2022ـە و لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی کان لەگەڵ چوار کورتە فیلمی دیکە، خەڵاتی باشترین کورتە فیلمیان پێبەخشراوە و لە دوایین رۆژی 2022 خەڵاتەکەی بە دەست گەیشت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە دیاردەی رەگەزپەرستی و جیاکاری بەهۆی رواڵەت و رەنگی مرۆڤەکانەوە دەکات، بەڵام چیرۆکی فیلمەکە ویستگەیەکی سەرنجڕاکیش دەگێڕێتەوە و پێچەوانەکەی دەردەخات.
مێرگەسۆری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ماوەی فیلمەکە 15 خولەکە و بە زمانی ئینگلیزییە، ستافێکی کەنەدی کاری بەرهەمهێنانی بۆ کردووە، گوتیشی، فێستیڤاڵی کورتە فیلمی کان، یەکەم وێستگەیەتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا کە سەت کورتە فیلمی 35 وڵاتی بۆ ئەو فێستیڤاڵە وەرگیران و فیلمی 'Black Butterfly' لە پێنج فیلمە هەڵبژێردراوەکانی فێستیڤاڵ بوو.
شیرین جیهانی، پێشتر لەبارەی ئەم بەرهەمە بە رووداوی راگەیاند، رەگەزپەرستی لە کۆنەوە هەبووە، ئێستاش هەیە و بێگومان لە دهاتووشدا هەر دەبێت، بەڵام شێوازەکانی گۆڕاوە، سەردەمی کۆیلایەتی نەماوە، بەڵام ئێستاش بە جۆرێکی دیکە سەیری کەسێک دەکرێت کە رەنگی پێستی جیاوازە.
روونیشیکردەوە، فیلمەکە باس لە دوو دراوسێ دەکات کە یەکێکیان سپی پێستە و ئەوەی دیکەیان رەش پێستە، لە کاتێکدا سپی پێستەکە کە نەخۆشی دڵی هەیە، دراوسێ رەشپێستەکەی خۆشناوێت، بەڵام کاتێک پیاوە رەشپێستەکە بە رووداوێکی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدات، دڵی ئەو بۆ پیاوە سپی پێستەکە دەگوازرێتەوە.
فێستیڤاڵی کورتەفیلمی کان بەشێکی جیاکراوەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کانە و ئەمساڵ چالاکییەکانی لە 15-21ـی ئابی 2022 بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ