رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند زیاد ئەسعەد، کە ساڵانێکە لە شاشە و میدیا دوورکەوتووەتەوە، لەڕێگەی ڤیدیۆکلیپێکی نوێوە کە بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) ئامادە کراوە، دەگەڕێتەوە. دەرهێنەری کارەکەش دەڵێت، ئەمە "وەفایەک بوو بۆ ئەو هونەرمەندە گەورەیە."
دلێر دلاوەر، کە دەرهێنەری ڤیدیۆکلیپەکەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "بڕیاری دروستکردنی ئەم ڤیدیۆکلیپەم وەک وەفایەک بوو بۆ مامۆستا زیاد ئەسعەد، لە بەرامبەر ئەو هەموو ساڵەی خزمەتی بە هونەری کوردی کردووە و ئێستا دوورکەوتووەتەوە."
دەشڵێت، "حەزم کرد وەک بیرهێنانەوەیەک بێت و هەروەها ئاشناکردنەوەی دووبارەی مامۆستا بێت بە خەڵک و بینینەوەی روخساری لەسەر شاشەکان."
دەرهێنەرەکە ئاماژەی بەوە کرد کە کلیپەکە بۆ گۆرانی "پێی بڵێن" ئامادە کراوە، کە ئەو گۆرانییە "یەکێکە لە گۆرانییە هەرە بەنێوبانگەکانی زیاد ئەسعەد." دووپاتیشی کردەوە کە بۆ دروستکردنی کلیپەکە مۆڵەتی لە زیاد ئەسعەد وەرگرتووە.
ئەو دەرهێنەرە دەڵێت، کارەکە بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد و بە ''شێوازێکی پڕۆفێشناڵ'' کراوە و سیناریۆ و دەرهێنانی کلیپەکە خۆی کردوویەتی. گوتیشی، "مامۆستا زیاد بە روخسار و تەمەنی ئێستایەوە لە زۆربەی دیمەنەکانی کلیپەکەدا دەردەکەوێت و چەند وێنەیەکی نوێم بەکارهێناوە کە لەلایەن عەبدولغەفار عەبدوڵڵا، کەسی نزیکی زیاد ئەسعەدەوە بۆم نێردراون."
دلێر دلاوەر ئاشکرای کرد، پڕۆمۆی کارەکە لە هەژماری هونەرمەند زیاد ئەسعەد بڵاوکراوەتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا کلیپەکەش بڵاودەکرێتەوە.
هونەرمەند زیاد ئەسعەد، لە ساڵی 1966 لە گەرەکی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایکبووە؛ دوایین گۆرانیی لە ساڵی 2004 بڵاوکرایەوە، کە گۆرانی 'ئەرێ نازێ' بوو دوای ئەوە هیچ گۆرانیەی دیکەی بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ