رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی تەمەن 38 ساڵ لە دادگەیەکی بەریتانیا دانی بەوەدا نا کە بە فرۆشتنی بلیتی ساختەی کۆنسێرتەکەی تایلۆر سویفت، فێڵی لە ژمارەیەک هاووڵاتی کردووە و نزیکەی سێ هەزار پاوەندی دەستکەوتووە.
ئەیمی ریس، دانیشتووی ناوچەی نانتیمۆڵ، رۆژی دووشەممە لە دادگەی تاوانەکانی کاردیف ئامادە بوو. تۆمەتبار بوو بە ساختەکاری بەرامبەر 12 کەس، کە زیاتر لە 2,800 پاوەند (نزیکەی 3,700 دۆلار) پارەی بردوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دادگە، رووداوەکە لە نێوان مانگی ئەیلوولی 2023 بۆ حوزەیرانی 2024 روویداوە. گەورەترین بڕە پارە کە لە یەک کەس وەرگیرابێت 623 پاوەند بووە.
لە کاتی دادگەییکردنەکەدا، ئەیمی تەنیا ناوی خۆی و ناونیشانەکەی پشتڕاستکردەوە و دواتر بۆ هەر 12 تۆمەتەکەی ئاراستەی کرابوون، دانی بە تاوانەکەیدا نا.
پارێزەری ئەیمی لە دادگە رایگەیاند، بریگرتە پێشینەی پاکی هەیە و تاوانی لەم شێوەیەی نەبووە.
دادگە بڕیاریدا پێش دەرکردنی سزای کۆتایی، راپۆرتێکی ورد لەسەر دۆخی ژنەکە ئامادە بکرێت. لە کۆتاییدا دادوەر بڕیاریدا بە کەفالەت تاوابارەکە ئازاد بکات تاوەکو رۆژی 10ی ئازار، کە تێیدا سزای کۆتایی بەسەردا دەسەپێندرێت.
تایلۆر سویفت لە حوزەیرانی 2024 وەک بەشێک لە گەشتە جیهانییەکەی بەناوی (Eras Tour) کە 21 مانگی خایاند و سەردانی 50 شاری جیاوازی کرد، کۆنسێرتێکی لە یاریگەی پرینسپالیتی لە کاردیف ئەنجامدا، بەهۆی خواستی زۆری هەواداران بۆ بلیتی ئەم ئەستێرەیە، نرخەکان لە بازاڕی رەشدا گەیشتبوونە ئاستێکی خەیاڵی و ئەمەش دەرفەتی بۆ ساختەکاران رەخساندبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ