رووداو دیجیتاڵ
دانا ئیدن (Dana Eden) یەکێک لە بەرهەمهێنەرە دیارەکانی دراما و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان، لە تەمەنی 52 ساڵیدا و لە کاتی وێنەگرتنی کارێکی نوێ لە شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان کۆچی دواییکرد.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی یۆنان، تەرمی ئیدن، رۆژی یەکشەممە لە ژووری هۆتێلەکەی لە ئەسینا دۆزراوەتەوە.
دانا ئیدن بە هاوبەشی لەگەڵ 'شولا سپیگل' زنجیرەی بەناوبانگی (Tehran)ی بەرھەمھێنا، کە دواتر مافی پەخشەکەی بە سەکۆی 'ئەپڵ تیڤی پڵەس' فرۆشرا و ناوبانگێکی جیهانیی پەیدا کرد.
بەیانیی ئەمڕۆ میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە ئاژانسە هەواڵییەکانی یۆنان ئاماژەیان بەوە کردووە، پۆلیسی ئەسینا لێکۆڵینەوە لەو ئەگەرە دەکات کە ئیدن لەلایەن ئێرانەوە کوژرابێت؛ بەو پێیەی میدیا فەرمییەکانی ئێران لە سەرەتای دەرکەوتنی زنجیرەی "تاران"ەوە بە بەردەوامی هێرشی تووندیان دەکردە سەر ئەو کارە هونەرییە.
کەناڵ 12ی ئیسرائیلی بەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەم هەواڵانە ناڕاستن و هیچ ئاماژەیەک بە بوونی لێکۆڵینەوە لە کوشتن یان دەستوەردانی ئێران لە ئارادا نییە.
لەبارەی مردنەکەیەوە، ئاژانسی تەسنیمی ئێران دەڵێت: "مردنەکە لەناکاو بووە، دوای ئەوەی وەڵامی نامەکانی برایەکەی نەداوەتەوە، برای ئیدن بەدوایدا گەڕاوە و تەرمەکەی لە هۆتێل دۆزیوەتەوە."
تەسنیم دەڵێت: "تەرمی ئیدن براوەتە دادپزیشکی بۆ توێکاری و دەستنیشانکردنی هۆکاری مردنەکەی."
جگە لە زنجیرەی تاران، دەرھێنەری چەندین کاری دیکەی وەک "Shakshouka" و "Michael" و "Magpie" بووە.
کۆمپانیای (Dana and Shula Productions) لە بەیاننامەیەکدا دڵتەنگی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: "ئێمە بە کۆچی دوایی هاوڕێ و هاوبەشە خۆشەویستەکەمان، دانا ئیدن، حەپەساین و دڵمان ئێشا."
دانا ئیدن بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ لە کەرتی بەرھەمھێنانی هونەریدا کاری کردووە. لە ماوەی 18 ساڵی رابردووی کارکردنیدا لە کۆمپانیاکەی خۆی، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، کە دیارترینیان خەڵاتی نێودەوڵەتیی 'ئیمی' وو بۆ بەرھەمھێنانی زنجیرەی تاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ