شەیدا یەکێک لە گۆرانییە کۆنەکانی بە میوزیکێکی نوێ بەرهەمدێنێتەوە

03-11-2022
پەسار فایەق
شەیدا، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان
شەیدا، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان
نیشانەکردن شەیدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'تێنە دلم' یەکێک لە گۆرانییە کۆنەکانی هونەرمەند شەیدایە و بە میوزکێکی نوێ دووبارە تۆماری کردووەتەوە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە یوتیوب بڵاوکرایەوە و ژێرنووسی عەرەبی بۆ کراوە.
 
گۆرانی 'تێنە دلم' لە تێکستی نوشین بێجرمانییە و لە ئاوازی شەیدایە، عامر حەسەن کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە و دەروێش پێل وەک ژەنیاری پیانۆ تێیدا بەشدار بووە.
 
شەیدا، پێشتر لەبارەی ئەم بەرهەمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'تێنە دلم' یەکێک لە گۆرانییە کۆنەکانیەتی و بە میوزیک و ستایلێکی نوێ دووبارەی کردووەتەوە.
 
ئەو هونەرمەند کوردە کە ئێستا لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، بەرهەمێکی دیکەی بەناوی 'شەڤا تاڕی' بەرهەمهێناوە و بە نیازە لە ماوەی داهاتوو بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوی بکاتەوە. گوتیشی "گۆرانییەکە گەشبینیی تێدایە و بە بڕوای من ئەرکی هونەرمەندە لە بەرهەمەکانیدا گەشبینیی ببەخشێت".
 
خالید عومەر تێکستی گۆرانی 'شەڤا تاڕی'ـی نووسیوە و لە ئاوازی هونەرمەند شەیدایە و میلاد ئۆمەری کاری تۆمارکردن و میکس و ماسترینگی بۆ کردووە و ئازاد میدی دەرهێنەری ڤیدیۆکلیپەکەیە.
 
شەیدا، دوایین گۆرانیی بەناوی 'سپێدە باش' لە 30 نیسانی 2022 بە هەردوو زاراوەی کرمانجی سەروو و خواروو بڵاوکردەوە.
 
ئەم بەرهەمە لە تێکستی خالید عومەرە و لە ئاوازی شەیدایە و عامر حەسەن کاری تۆمارکردن و میکس و ماسترینگی بۆ گۆرانییەکە کردووە.
 
شەیدا هونەرمەندێکی پڕ بەرهەمە و بەر لە گۆرانی 'سپێدە باش' ڤیدیۆکلیپی 'گولا مالێ'ـی بڵاوکردەوە کە لە تێکستی براکەی هونەرمەند سەفقان ئۆرکێش بوو و لە کۆتایی 2021 بڵاوکرایەوە.
 
'گولا مالێ' لە ئاوازی شەیدایە، عامر حەسەن کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە، بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی شەیدا بڵاوکراوەتەوە و لە دەرهێنانی هۆگر هادییە.
  
لەم بەرهەمەدا سێوی مێخەکڕێژ بەدی دەکرێت کە لە کولتووری کوردیدا هەیە و مێژووییەکی دێرینی هەیە و بە گوتەی ئەوانەی هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو کولتوورە دەدەن، مێژووەکەی چوار بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و لەو سەردەمەدا کاتێک دوو کەس یەکدیان خۆشویستووە، بەم سێوە؛ خۆشەویستی خۆیان بۆ یەکدی دەربڕیوە.
 
شەیدا ناوی تەواوی ئەحمەد رەمەزانە، ساڵی 1971 لە شاری عامودای رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە، ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی و خاوەنی پێنج ئەلبوومی گۆرانی و چەندین ڤیدیۆکلیپە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە