رووداو دیجیتاڵ
هۆزان کاوە، هونەرمەندی باکووری کوردستان، زنجیرە کۆنسێرتێک بۆ رەوەندی کوردی لە چەند شارێکی فەرەنسا سازدەکات.
هۆزان کاوە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک و ئینستگرام پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بە کات و شوێنی کۆنسێرتەکانی لە فەرەنسا دەکات.
ئەو هونەرمەندە کوردە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کۆنسێرتەکان لە فەرەنسا لە شاری تولوس، پاریس و ڤیمی بەڕێوەدەچن و سوپاسی ئەو کەسانە دەکات کە لە رووی ماددی و مەعنەوی هاوکاری سازکردنی ئەو زنجیرە کۆنسێرتە بوونە.
لە 14 ئابی 2022، هۆزان کاوە نوێترین بەرهەمی بەناوی 'داستانا هەبوونێ' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بۆ هۆگرانی بڵاوکردەوە.
ئەم بەرهەمە لە تێکستی هۆزان کاوە و حەکیم سەفکانە و ئاوازەکەشی بەشێکی لەلایەن هونەرمەند خۆی دانراوە و بەشەکەی دیکەیشی لەلایەن تۆرهان یاپشتران.
ڤیدیۆکلیپەکە لەلایەن حسێن حەسەن، ئەکتەر و دەرهێنەری سینەمایی کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و لە کەناڵی تایبەتی هونەرمەند کاوە بڵاوکراوەتەوە.
هۆزان کاوە لە گوندی پالاسێ سەر مووشێی سەرحەدی باکووری کوردستان لە دایکبووە، لە 1993 بەهۆی گوتنی گۆرانی بە زمانی کوردی زیندانی کراوە، لە دوای ئازادکردنی لە 1995 روو لە ئەوروپا دەکات، لە دوای 20 ساڵ دووبارە بە سەردان دەگەڕێتەوە باکووری کوردستان.
ئەو هونەرمەندە کوردە خاوەن هەشت ئەلبوومی گۆرانییە و بریتین لە 'ئاڤا ئەڤینێ'، 'ئەز و تو'، 'شەنگ'، 'فەریاد'، 'تایا دلا'، 'ڤەگەڕ'، 'رۆژئاڤا' و ئەلبوومی 'تاڤا هێڤی' کە لە 2022 بڵاوکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ