رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد ئەنوەر دەرهێنەری فیلمە و برای گۆڤار ئەنوەر، ئەکتەری کۆچکردووە و کورتە فیلمێکی بەناوی 'پەرجووی خەون' لە پلاتفۆڕم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە.
لەم بەرهەمەدا ئەحمەد ئەنوەر لە پاڵ کاری دەرهێنان، وەک ئەکتەریش بەشداربووە و لەگەڵ ئیدریس تاهیر رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.
ئەحمەد ئەنوەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چیرۆکی فیلمەکە باس لە کەسێک دەکات کە بەردەوام خەریکی خۆشییەکانی خۆیەتی؛ بەبێ گوێدان بە هیچ شتێک و هیچ کەسێک، بە شێوازێک دەیەوێت هەموو شتێک تاقیبکاتەوە؛ تەنانەت ئەگەر خراپیش بێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو گەنجە لەدوای ئەوەی تووشی رووداوێک دەبێت، پیاوێکی بە تەمەن لە نەخۆشخانە چیرۆکێکی بۆ دەگڕێتەوە و بەهۆیەوە پرسیاری زۆری بۆ دروست دەبێت و ناچار دەبێت، لە پەرستگەی لالش، کەنیسە، مزگەوت و کتێبخانە بە دوای پرسیارەکانیدا بگەڕێت.
ئەحمەد ئەنوەر، دەڵێت، فیلمەکە لە پەرستگەی لالش، مزگەوتی گەورەی ئاکرێ و چیایەکی ئەو شارە، کەنیسەی مار یوسف، کتیبخانەی ئەمازۆن و نەخۆشخانەی زانکۆ وێنەگیراوە.
رێمان رەنج وەک یاریدەدەری دەرهێنەر لەم بەرهەمەدا بەشداربووە و کەیوان بێستوون بەرهەمهێنەریەتی و رەوا فاروق وێنەگریەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ