لە هۆڵەندا پەردە لەسەر پەیکەرێکی زیرەک میرە لادرا

17-12-2022
سه‌نگه‌ر ستار
رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری زیرەک میرە لە هۆڵەندا
رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری زیرەک میرە لە هۆڵەندا
نیشانەکردن زیرەک میرە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هۆڵەندا پەردە لەسەر پەیکەرێکی هونەرمەندێکی کورد لادرا و هۆڵەندییەکان زۆر پێی سەرسامبوون.
 
زیرەک میرە هونەرمەندێکی پەیکەرسازی باشووری کوردستانە، ماوەیەکە لە دیاسپۆرا دەژیت، ئەو یەکەم پەیکەرسازی کوردە پەیکەرێکی لە شوێنێکی گشتی هۆڵەندا دادەنرێت.
 
زیرەک میرە لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئەو لە هونەری پەیکەرسازیدا، تەنیا کاری قەبارە گەورە ئەنجام دەدات.
 
لەبارەی پەیکەرەکەی گوتی "لەکاتی رکابەری بەدەستهێنانی مافی دروستکردنی پەیکەرێکی گەورە و دانانی لە شوێنێکی گشتی خۆم و چەندین هونەرمەندی گەورەی پەیکەرسازی هۆڵەندی ئامادەبووین و هەموویان هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو مافەیان دەدا کە ئەوان کەسانی ئەکادیمی و خاوەن بڕوانامەی بەرز بوون لە پەیکەرسازیدا، بەڵام دواتر بۆ من دەرچوو، دوای ئەوە چەند پەیکەرسازێکی بەناوبانگ هاتنە لام و داوایان لێکردم لە شوێنی ئەوان پەیکەرەکەم دروستبکەم بەهۆی ئەوەی شوێنەکەی من بچووکە، بەڵام دواتر لای خۆم دروستم کرد".
 
زیرەک میرە دەڵێت: "دوای ئامادەبوونی پەیکەرەکەم زۆر قورس بوو لە شوێنکی گشتی دابنرێت، بەڵام من سووربووم لەسەر ئەوەی دەبێت لە شوێنێکی گشتی دابنرێت و بە سەختی توانیم رەزامەندی شارەوانی بەدەستبهێنم، بەهۆی ئەوەی پەیکەرەکەم گەورەبوو، شارەوانی لەسەر ئەرکی خۆی تیمێکی ئەندازیاری بانگهێشتکرد بۆ پشکنینی ئەو شوێنەی پەیکەرەکەی لێدادەنرێت بەهۆی ئەوەی پەیکەرەکە قورس بوو، هەروەها شوێنەکەش رەشەبای تووندی تێدا هەڵدەکات، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا، دوای تەواوبوونی کارەکەیان پەیکەرەکەم لە پارکەکە دانرا".
 
زیرەک روونیشیکردەوە، "خەڵکێکی زۆری هۆڵەندی و هەروەها هونەرمەندانی پەیکەرساز و دەیان کۆچبەر لەوێ ئامادەبوون و بەناوی پەیکەری 'چاوەڕوانی' پەردەی لەسەر لادرا و هەموویان پیرۆزباییان لێکردم و بەشێک لە کۆچبەرانیش گریان، چونکە بۆم روونکردنەوە پەیامی من لە دروستکردنی پەیکەرەکە بریتییە لە چاوەڕوانی کۆچبەران بۆ وەرگرتنی مافی مانەوەی هەمیشەیی لەو وڵاتە".
 
گوتیشی"هەر کارێکی پەیکەرسازی پەیامی هەبێت دەبێت لە شوێنێکی گشتی دابنرێت، ئەو شوێنەی پەیکەرەکەمی لێدانراوە وەک ئاڵتوون وایە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە