سەعید گاباری گلەیی لە وەزارەتی تەندروستی هەیە

28-03-2020
هیوا سەڵاح
A+ A-
رووداو- هەولێر

سەعید گاباری هونەرمەندی کورد، دوای ئەوەی لە ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە، لە هەولێر 14 رۆژە کەرەنتینکراوە، بەڵام لە هەڵسوکەوتی کارمەندانی تەندروستی و شوێنی کەرەنتینەکردنەکەی نیگەرانە.
 
سەعید گاباری لەمبارەیەوە بەرووداوی راگەیاند" لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا نابینا کەرەنتین ناکرێت، بەڵام من کە گەڕامەوە هەولێر گوتم منیش وەکو ئەو خەڵکە با کەرەنتین بکرێم، بۆ دڵنیابوونی خۆم و بنەماڵەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژێک بەر لەوەی بگەڕێمەوە کوردستان لە ئەڵمانیا هەموو پشکنینێکم کردبوو، هیچ دەرنەچووبوو، بەڵام سەرەڕای ئەمەش گوتم من پابەندی رێنماییەکان دەبم".
 
سەعید گاباری گلەیی لە شوێنی کەرەنتین و هەڵسوکەوتی کارمەندانی تەندروستی هەیە و دەڵێت" من نابینام و بە تەنیا لە ژوورێکدا کەرەنتین کراوم، باوەڕ بکەن 16 رۆژە خۆم نەشۆردووە، رۆژێک دەمویست خۆم بشۆرم چوومە گەرماو کەوتووم و سەرم شکاوە، ئەمە کەی رەوایە، گوتم با کوڕی برایەکەم لەگەڵم کەرەنتین بکرێت ئەو هاوکاریم دەکات، بەڵام قبوڵیان نەکردووە، 12 رۆژە خواردنی ئەم هوتێلەم نەخواردووە و لە دەرەوە خواردنم بۆ دێت، چونکە خواردنەکانی ئەم هوتێلە ناخورێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان کەموکوڕی دیکە لەم کەرەنتینەدا هەیە، بەڵام من هەر بەرگەم گرتووە، چەند رۆژە بە نیازین بگەڕێینەوە ماڵەوە، هەر دەڵێن ئەمڕۆ نا سبەی بارودۆخمان زۆر خراپ و وێران بووە، بەڵام هێشتا ناهێڵن بێینە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ نیشانەیەکی ئەم ڤایرۆسەمان لەسەر دەرنەکەوتووە".
 
سەعید گاباری دەشڵێت" من رەگەزنامەی ئەڵمانیم هەیە، ئەگەر سکاڵا تۆمار بکەم لەسەر من دێنە جواب، بەڵام من هەمیشە دەڵێم پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ دەبم، بەڵام رۆژ دوای رۆژ بارودۆخەکەمان خراپ دەبێت و وەکو پێویست خزمەت ناکرێین، تاوەکو ئێستا پشکنینمان بۆ نەکراوە، تەنیا رۆژانە دووجار گەرمی لەشمان دەگرن و تەواو، ئێمە 80 کەس لەم هوتێلە دەمێنینەوە، ئەگەر تاوەکو 4ی ئەم ئێوارەیە لە هوتێلەکە دەرنەچین من هەڵوێستی دیکەم دەبێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە