رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی پێنج رۆژە ژمارەیەک فەرمانبەر و مامۆستای ناڕازیی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە. تیمێکی پزیشکیی خۆبەخش چووە نێو خێمەی ناڕازییەکان و پزیشکێک دەڵێت، "بەرگریی لەشیان زۆر لاواز بووە، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار پزیشکێکی 24 کاژێرییان بۆ دابین بکات".
رۆژی شەممە، 1ـی شوباتی 2025، دکتۆر هەوری محەممەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمە خۆبەخشەکەی چوونە خێمەی مانگرتووەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "قسەمان لەگەڵ مامۆستایان کردووە، ئەوان مکوڕن لەسەر بڕیارەکەیان، بۆیە داوامان لێکردوون شیر بخۆنەوە، بەڵام قبووڵیان نەکرد."
دکتۆر هەوری محەممەد گوتی، "ئێمە تەنیا هاتووین بزانین بارودۆخی تەندروستییان چۆنە، بەڵام لەڕاستیدا کاری دەزگا تەندروستییەکانە کە چاودێریی بارودۆخیان بکەن و پشکنینیان بۆ بکەن."
ئەو کەسانەی مانیان لە خواردن گرتووە، ژمارەیان 10 کەسە. ئەو پزیشکە دەڵێت، "ئەو مامۆستایانە ئۆکسجینی جەستەیان دابەزیوە و بەرگریی لەشیان لاواز بووە، بۆیە ناتوانن ماسک ببەستن، بەڵام داوا لە کەسوکار و هاوڕێکانیان دەکەین کە سەردانیان دەکەن با ماسک ببەستن، چونکە ئەوان بەرگریی لەشیان لاوازە و نابێت تووشی نەخۆشی ببن."
فەرمانبەر و مامۆستا مانگرتووەکانی سلێمانی سەرەڕای برسێتی، ماندوێتی و سەرما، بەڵام سوورن لەسەر داواکارییەکانیان و دەڵێن، مانگرتن ناشکێنن.
چۆڵکردنی قوتابخانە و بایکۆت لە وەرزی دووەمی خوێندندا بۆ مووچەی مانگەکانی 12 و یەکە، هاوکات رێککردنەوەی کاتی دابەشکردنی مووچە، پلەبەرزکردنەوە و بەجێکردن یان تەوتیتنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ