لە جیهاندا زیاتر لە ملیارێک کەس قەڵەون؛ وڵاتان چۆن رووبەڕووی دەبنەوە؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە ملیارێک کەس قەڵەون و پێشبینیش دەکرێت، تاوەکو 2050 نیوەی دانیشتووانی جیهان قەڵەو بن.
 
ئەتڵەسی جیهانی بۆ قەڵەوی رایدەگەیێنێت، قەڵەوی بارگرانییەکی زۆری لەسەر خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و باری ئابووری خەڵک کردووە. بەتایبەتیش سیستمی چاودێریی تەندروستی.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، قەڵەوی دەشێت ببێتە هۆی (شەکرە، شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، ناڕێکیی هۆڕمۆنەکان و زۆرێکی دیکە). تەنانەت WHO ئاماژە بەوەش دەکات، لە ساڵی 1990ـەوە رێژەی قەڵەوی زیاتر لە دووهێندە زیادی کردووە و لەنێو نەوجەواناندا چوار هێندە زیاد بووە.
 
هۆکاری زیادبوونی قەڵەوی لەنێو نەوجەواناندا
 
- خواردنی خۆراکە خێراکان
- خواردنی خۆراکە پڕ لە چەورییەکان و سوێرەکان
- کەمیی چالاکیی جەستەیی
- ناڕێکیی خەو
- زۆردانیشتن و کەمجووڵەیی
 
لە بەریتانیا رێکلام بۆ خۆراکە خێراکان و خواردنەوە گازییەکان سنووردارە
 
حکومەتی بەریتانیا لەڕێگەی (سنووردارکردنی رێکلام بۆ خۆراکە خێراکان، زیادکردنی باج لەسەر خواردنەوە وزەبەخشەکان، سنووردارکردنی هەموو رێکلامێک بۆ خواردنەوەی وزەبەخش و گازی، تەندروستکردنی ژەمەخۆراکی قوتابخانەکان و کەمکردنەوەی ئۆفەرەکانی هاندان بۆ کڕینی خۆراکی ناتەندروست) دەیەوێت کۆنتڕۆڵی زیادبوونی قەڵەوی بکات.
 
لە ئەمریکا نرخی دەرمانەکانی دژەقەڵەوی هەرزان کراون
 
لەژێر ناونیشانی ''ئەمریکا تەندروست بکەرەوە'' حکومەتی وڵاتەکە ستراتیژیی جیدی گرتووەتەبەر بۆ زیادکردنی ئاستی چالاکیی جەستەیی خەڵک و کەمکردنەوەی خۆراکی ناتەندروست، لەم دواییانەش چەند هەنگاوێک نراون بۆ کەمکردنەوەی شەکر و چەوری لەنێو بەرهەمە ئامادەکراوەکان، باجیش لەسەر ئەو کارگانە کەمتر دەکرێتەوە کە بڕیارەکە جێبەجێ دەکەن.
 
پاشانیش پڕۆگرامی شیرپێدانی سرووشتی خستە نێو پڕۆگرامەکانی پەروەی منداڵ و دەستکاری ژەمەکانی قوتابخانەی کرد کە پڕ بن لە سەوزە و میوە. ئەوەش راگەیێنراوە کە رێکلام بۆ خۆراکی ناتەندروست بۆ منداڵان سنووردار بکرێت و نرخی دەرمانەکانی کێشدابەزاندنیشی هەرزان کردووە بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بتوانن (دوای راوێژی پزیشک) بیانکڕن.
 
لە فەرەنسا بە پشکنینی رۆتینیی منداڵان کۆنتڕۆڵی قەڵەوی دەکرێت
 
لە فەرەنسا ستراتیژییەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ بەرنگاربوونەوەی قەڵەوی تاوەکو ساڵی 2030 گیراوەتەبەر، ئامانجەکەش پشکنینی ساڵانەی منداڵانە و کۆنتڕۆڵکردنی هۆکارەکانی قەڵەوبوونە. جگە لەمەش سیستمی خۆراکی و کشتوکاڵی پەرەیان پێدراوە و بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەقەڵەوی سنووردار کراون، پاشانیش هانی خواردنی خۆراکی تەندروست دراوە و رێنوێنی دراوەتە خەڵکیش کە خۆیان لە خۆراکە لەقوتوونراوەکان بەدوور بگرن.
 
لە لوبنان قوتابخانە و ناوەندەکانی فێربوون پڕ دەکرێن لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک بۆ خواردنی خۆراکی تەندروست
 
وەفا حومانی، بەرپرسی بەشی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستیی گشتیی لوبنان، رێژەی قەڵەوی لەو وڵاتە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی بەرزە، لەنێو خانمان 40٪ و لەنێو پیاوانیش 30.5٪ـە. ئەمەش زیاتر خەڵکی تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان کردووە.
 
تەندروستیی گشتیی لوبنان رایدەگەیێنێت، کۆنتڕۆڵکردنی خەڵک لەڕووی خۆراکییەوە ستراتیژییەکی نایابە بەتایبەت چاودێریکردنی خۆراکەکان بۆ کەمکردنەوەی چەوری و شەکر. پاشانیش لەو وڵاتە ئەوە جێبەجێ کراوە کە لە قوتابخانە و ناوەندەکانی فێربوون، هانی قوتابی و خوێندکاران بدرێت بۆ چالاکیی جەستەیی و هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروست. تەنانەت داواش لە رێکخراوە ناحکومییەکان کراوە بۆ ئەو کارانە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە