پسپۆڕێک: لە هەرێمی کوردستان حەبێک هەیە ئەگەری تووشبوون بە ئەیدز کەم دەکاتەوە

01-12-2025
بڕوا فەرهاد
دکتۆر لونا خالید - د. عەونی زێباری، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو
دکتۆر لونا خالید - د. عەونی زێباری، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، لە هەرێمی کوردستان حەبێک بەردەستە کە سێ مادەی دژەڤایرۆسی تێدایە و ئەگەر لە ماوەی 72 کاژێردا دوای گومانی بەرکەوتن لەگەڵ ڤایرۆسەکە بخورێت، ئەگەری تووشبوون کەم دەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 1-12-2025 د. عەونی زێباری، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، لە بوڵتەنی تەندروستی ریگەیاند، "بەکارهێنانی کۆندۆم یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی خۆپارێزی لە ئەیدز".
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی هەناو،، "لە هەرێمی کوردستان حەبێک هەیە کە سێ مادەی دژەڤایرۆسی تێدایە، ئەو کەسانەی گومانیان هەیە بەرکەوتنیان لەگەڵ ڤایرۆسەکە هەبووە دەتوانن بیخۆن، بە مەرجێک لە ماوەی 72 کاژێردا وەریبگرن، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەکە کەمدەکاتەوە."
 
سەبارەت بە نیشانەکان، د. عەونی زێباری گوتی، "لەدوای سێ بۆ 6 هەفتە، هەندێک نیشانەی سەرەتایی دەردەکەون، وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، ئەستووربوونی لیمفەگرێیەکان، ژانەسەری تووند و دەرکەوتنی گرێ لەسەر پێست، بەڵام دواتر لەوانەیە تاوەکو 10 ساڵ هیچ نیشانەیەک دەرنەکەوێتەوە."
 
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی هەناو روونیکردەوە کە ڤایرۆسی HIV لە رێگەی لیک، ئارەق و ماچەوە ناگوازرێتەوە، بەڵکو لە رێگەی خوێنی کەسی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە.
 
د. عەونی زێباری داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، "ئەوانەی تووشی ئەیدز دەبن پێویست ناکات شەرم بکەن، چونکە ئەو نەخۆشییە تەنیا بەهۆی سێکسەوە ناگوازرێتەوە، بەڵکو چەندین هۆکاری دیکەی هەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە