رووداو - تەندروستی
بەدواداچوونێکی رووداو دەریدەخات، رێژەی نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانە حکومییەکانی منداڵبوون زۆر زیاتر لە دوو ئەوەندەی ئاستی ستانداردی جیهانییە و بەشێکی زۆری نەشتەرگەرییەکانیش حاڵەتی کتوپڕ بوون.
رووداو ژمارەی لەدایکبوونی لە نەخۆشخانە حکومییەکانی خانمان و منداڵبوون لە هەریەک لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) وەرگرتووە و تاوەکو مانگی 12ـی ئەم ساڵ؛ زیاتر لە 30 هەزار منداڵ لەدایکبوون کە 40٪ـیان بە نەشتەرگەری و 60٪ـیان بە سرووشتی لەدایکبوون.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رێژەی ستاندارد بۆ نەشتەرگەریی منداڵبوون بەراورد بە لەدایکبوونی سرووشتی لەنێوان 10٪ بۆ 15٪ دەبێت، بەڵام ئەم رێژەیە تەنیا لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لە دوو ئەوەندەی ئاستی ستاندارد.
ئەم ئامارانە لەکاتێکدان کە ژمارەی نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی تایبەتییەکان کۆنەکراونەتەوە و بەوانیشەوە رێژەی نەشتەرگەرییەکە زۆر زیاتر دەبێت، چونکە ''نەخۆشخانە تایبەتییەکان هۆکارێکی زیادبوونی رێژەی نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوونن''.
ئامارەکان بەم شێوەیەن
''نزیکەی 40٪ـی منداڵان لە نەخۆشخانەی خانمان و منداڵبوون لە هەولێر بە نەشتەرگەری لەدایکبوون''
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتوون کە هی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی هەولێرن، تاوەکو مانگی 12ـی ئەم ساڵ؛ 13 هەزار و 865 منداڵ لەدایکبوون کە پێنج هەزار و 427ـیان بە نەشتەرگەری لەدایکبوون.
ئەمەش واتە رێژەی نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی هەولێر 39٪ـە کە زۆر لە ئاستی ستاندارد زیاترە.
''لە دهۆک زۆرترین حاڵەتەکانی نەشتەرگەریی منداڵبوون بەهۆی دۆخی بەپەلەوە بووە''
رووداو ئامارەکانی نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوونی دهۆکی وەرگرتووە کە تیایدا تاوەکو مانگی 12ـی ئەم ساڵ 12 هەزار و 145 منداڵ لەدایکبوون کە چوار هەزار و 342ـیان بە نەشتەرگەری لەدایکبوون.
ئەمەش واتە رێژەی نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون لەو نەخۆشخانەیەی دهۆک، 35.7٪ بووە کە زۆرترینیان نەشتەرگەرییە کتوپڕەکان بوون کە لە حاڵەتی فریاگوزاریدا بووە.
''نزیکەی 44٪ـی منداڵان لە نەخۆشخانەی منداڵبوون لە سلێمانی بە نەشتەرگەری لەدایکبوون''
بەپێی ئەو ئامارانەی تەندروستیی سلێمانی بڵاوی کردوونەتەوە، لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاریی سلێمانی لەکۆی شەش مانگی ئەم ساڵدا چوار هەزار و 867 منداڵ لەدایکبوون کە دوو هەزار و 179 منداڵیان بە نەشتەرگەری لەدایکبوون.
ئەمەش واتە رێژەی نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاریی سلێمانی 44.7٪ـە کە زۆر لە ئاستی ستاندارد زیاترە.
''لە هەڵەبجە ژمارەی نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون نزیکن لەوەی وەکو منداڵبوونی سرووشتی لێبێت''
لە نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی هەڵەبجە ئەم ساڵ تاوەکو مانگی 11، هەزار و 414 منداڵ لەدایکبوون کە 674ـیان بە نەشتەرگەری لەدایکبوون.
د. هودا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، رێژەی نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانەکەمان 48٪ـە کە 42٪ـیان حاڵەتی فریاکەوتن و 58٪ـیان حاڵەتی نەشتەرگەریی سارد بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ