رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندە بەناوی نیپا لە هیندستان، وڵاتانی ئاسیای خستووەتە ئامادەییەوە، چونکە ئەم ڤایرۆسە زۆر مەترسیدارە و رێژەی مردنی تووشبووانی لەنێوان 40٪ بۆ 75٪ـە.
دوای ئەوەی لە مانگی رابردوودا دوو کەس لە هەرێمی بەنگالی رۆژئاوا لە هیندستان بەم ڤایرۆسە گیانیان لەدەستدا، وڵاتانی وەک تایلەند، مالیزیا و سەنگاپوور دەستیان کردووە بە پشکنینی وردی گەشتیاران.
ڤایرۆسی نیپا چییە؟
ئەم ڤایرۆسە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە. یەکەم جار لە ساڵی 1998 لە مالیزیا دەرکەوت.
چۆن تووش دەبیت؟ (سێ رێگەی سەرەکی هەن):
1. شەمشەمەکوێرە: ئەگەر بەرکەوتنت هەبێت لەگەڵ لیک یان پاشەڕۆی شەمشەمەکوێرەی تووشبوو.
2. خواردنی پیسبوو: خواردنی میوە یان شەربەتی خورما کە شەمشەمەکوێرە دەمی لێدابێت یان پیسی کردبێت.
3. مرۆڤ بۆ مرۆڤ: ئەگەر زۆر نزیک بیت لە کەسێکی تووشبوو (بۆ نموونە خزمەتی نەخۆشێک بکەیت). ئەمەیان کەمتر روودەدات بەراورد بە دووانەکەی دیکە.
نیشانەکانی چین؟
نیشانەکان زوو دەردەکەون (لە 4 رۆژ تا 3 هەفتە). ڤایرۆسەکە دەبێتەهۆی هەوکردنی سییەکان (تەنگەنەفەسی) و هەوکردنی مێشک.
نیشانە سەرەکییەکان ئەمانەن:
• تا و سەرئێشەی تووند.
• تەنگەنەفەسی (هەناسەتووندی).
• لەهۆشچوون.
• گرژبوونی ماسوولکە و جووڵەی سەیر.
• گۆڕانی رەفتاری کەسەکە.
چارەسەر یان ڤاکسینی هەیە؟
تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسینێک یان دەرمانێکی تایبەتی نییە. لە ئوسترالیا تاقیکردنەوە لەسەر دەرمانێک دەکەن، بەڵام هێشتا ئامادە نییە بۆ هەمووان.
ئایا پێویستە بترسین؟
ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە چونکە دەرمانی نییە، بەڵام وەک کۆرۆنا نییە و بە ئاسانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بڵاونابێتەوە. مەترسییەکە زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە کە لەو ناوچانە دەژین یان سەردانی دەکەن.
ئەگەر گەشتی ئەو ناوچانەت کرد و تووشی تا بوویت، پێویستە راستەوخۆ پزیشک ئاگادار بکەیتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ