رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی گشتی ئاماژەی بە پرسیارێکی باوی دایک و باوکان کردووە کە دەڵێن ''دکتۆر دوێنێ شەو تا بەیانی منداڵەکەم لە دەست ئازاری گوێ نەخەوتووە''. ئەویش دەڵێت: زۆرجار دایک و باوکان سەریان لێ تێکدەچێت؛ منداڵەکە تەنیا کەمێک "هەڵامەت و کۆکە"ـی هەبوو، بۆچی کتوپڕ ئازاری گوێی گرت؟
دکتۆر سەران جونەیدی، پزیشكی گشتی دەڵێت: هۆکاری سەرەکی ئازاری گوێ بریتییە لە هەوکردنی کتوپڕی گوێی ناوەند؛ زۆرجار ئەمە چەند رۆژێک دوای پەتا و لووتگیران روودەدات، چونکە بۆڕیی نێوان لووت و گوێ لە منداڵاندا کورت و تەختە، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلە و گەشەکردنی بەکتریا لە پشتی پەردەی گوێ.
لەبارەی نیشانەکانەوە ئەمانە باس دەکات؛
* ئازاری تووند؛ بەتایبەت شەوان.
* دەستبردن بۆ گوێ؛ منداڵی شیرەخۆر ناتوانێت بڵێ ئازارم هەیە، بەڵام بەردەوام دەستی بۆ گوێی دەبات یان سەری رادەوەشێنێت.
* تا و بێهێزی؛ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و گریانی بەردەوام.
* کەمبوونەوەی بیستن یان هەستکردن بەوەی گوێی گیراوە.
چارەسەر و رێکارە پزیشکییەکان ئەمانەن؛
* بەکارهێنانی ئازارشکێنەکانی پاراسیتامۆڵ یان ئیبۆپڕۆفین بەپێی کێشی منداڵەکە.
* بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەبەکتریا، بەڵام مەرج نییە هەموو جارێک پێویست بێت و پزیشک بڕیار دەدات کەی پێویستە (بەتایبەت بۆ منداڵی خوار شەش مانگ یان کاتێک تا و ئازارەکە زۆر تووند بێت).
* پشکنینی قوڕقوڕاگە: هەندێکجار ئازاری گوێ نیشانەیەکە بۆ هەوکردنی ئاڵووەکان (لەوزەتێن)، بۆیە پشکنینی پزیشکی زۆر گرنگە.
ئەو پزیشکە پێشنیاز دەکات، لەم کاتانەدا دایک و باوک منداڵەکەیان بگەیێننە فریاکەوتن
1- ئەگەر شلە یان کێم لە گوێی منداڵەکە هاتە دەرەوە.
2- ئەگەر پشتی گوێی سوور بووەوە یان ئاوسابوو.
3- ئەگەر منداڵەکە رشانەوەی تووند یان رەقبوونی ملی هەبوو.
لە کۆتاییشدا بە دایک و باوکان دەڵێ، جگەرە مەکێشن و لەکاتی شیرپێدان سەری منداڵ کەمێک بەرز بکرێتەوە هەروەها پاککردنەوەی لووتی منداڵ لەکاتی تووشبوونی بە پەتاکان گرنگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ