رووداو - تەندروستی
ئاژانسی دەرمانی ئەورووپا پێشنیازی پەسندکردنی ڤاکسینێکی نوێی کۆمپانیای مۆدێرنای کردووە کە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلەوەنزایە و ناسراوە بە ''ڤاکسینی تێکەڵە''.
ئاژانسی دەرمانی ئەورووپا دواین بڕیاری خۆی لەبارەی نوێترین ڤاکسینی جیهانی داوە کە مرۆڤ لە هەردوو ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلەوەنزا دەپارێزێت و دەڵێ، تەنیا بۆ کەسانی سەروو 50 ساڵ بەکاربێت و تەنیا یەکجاریش لێدەدرێت.
ئەم ڤاکسینە ''کوشتنی دوو چۆلەیەکە بە بەردێک'' بیانووبڕینی ئەو کەسانەشە کە کاتیان کەمە یاخود بێزارن لە وەرگرتنی جۆرە جیاوازەکانی ڤاکسین بەهۆی پابەندنەبوونیان بە خشتەی ڤاکسین هەر بۆیە ئەم جۆرە ڤاکسینە دروستکراوە تاوەکو بە یەکجار، جەستە دژی دوو ڤایرۆسی مەترسیداری بڵاو بپارێزێت و پێی دەگوترێت ''تێکەڵە''.
بەپێی ئاژانسەکە، ڤاکسینەکە ناوی (ئێم کۆبریێکس)ـە و لە جۆری ڤاکسینە mRNAـیەکانە کە پارێزەرێکی جیدی بۆ جەستە دروستدەکات دژی ئەو جۆرە ڤایرۆسانە، هەر کەسێکیش بەکاریبهێنێت ئەوا نیشانەکانی وەکو هەناسەتەنگی، هەوکردنی درێژخایەنی سییەکان و کۆکەی تووند بە لاوازی دەگرێت یاخود هەر نایانگرێت.
پەسندکردنەکە دوای ئەوە هات کە ڤاکسینەکە لەسەر هەشت هەزار خۆبەخش لە قۆناخی کۆتاییدا تاقیکراوەتەوە و دەرکەوتووە، ئەوانەی وەریان گرتووە زۆر باشتر و زیاتر جەستەیان دژی ئەو نەخۆشییانە بەهێزتر بووە بەراورد بەو ڤاکسینانەی ئێستا بەکاردەهێندرێن.
تاوەکو ئێستا یەکێتیی ئەورووپا پێداچوونەوەی کۆتایی ماوە بۆ پێشنیازدەکەی ئاژانسی دەرمان و بڕیاری کۆتایی لەدەست ئەوانە کە کەی بخرێتە بازاڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ