رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان رایدەگەیێنێت، ئەو شەڕانەی لە دونیادا لەنێوان وڵاتاندا دەکرێن، دەروون و کەیفی تاک وێران دەکەن، بەتایبەت ناسەقامگیریی دۆخی بەڕێوەبردنی وڵات.
د. رەوشت رەشید، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لەنێو پۆدکاستی کلینیکاست دەڵێ، سیستمی خەوتن و کاتی خەو وەکو پێشان نەماوە و بەتەواوی تێکچووە، کە خەویش باش نەبوو، ئیدی کێشە دەروونی و جەستەییەکانیش سەرهەڵدەدەن.
بەگوتەی د. رەوشت رەشید، هەندێکجار نەخۆشییە دەروونییەکان جەستەیی نین و پێویستە کەسەکە خۆی خۆی چارەسەر بکات ئەویش بە تێگەیشتن لە کێشەکەی. هەروەها دەڵێت: ئێستا بەراورد بە ساڵانی رابردوو، سەردانکردن بۆ کلینیکە دەروونییەکان زیادی کردووە.
ئەوەش باس دەکات کە مەرج نییە هەمیشە ئاماژە بە زۆربوونی نەخۆشییە دەروونییەکان بدرێت، بەڵکو دەشێت هەم خەڵک زۆر بووبێت، هەمیش زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان باشتر و خێراتر بووبێت و خەڵکیش هۆشیارتر بووبێت لەبارەی نەخۆشییەکانەوە.
د. رەوشت رەشید دەڵێت: ئەوانەی بە تەنهایی دەژین یاخود هەست بە تەنهایی دەکەن، وەکو کەسێکن کە هەموو رۆژێک 15 جگەرە بکێشێت. بەتایبەت ئەمە سینگڵەکان دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ