رووداو - تەندروستی
سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، هێرشکردنە سەر بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانەکان جێگەی نیگەرانییە بەتایبەت هێرشی چڕ بۆ سەر نەخۆشخانەکانی ئێران.
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ''تویتەری پێشوو'' بڵاوی کردووەتەوە لە دۆخی بۆردوومانەکانی سەر نەخۆشخانەکانی ئێران نیگەرانە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی زیانەکان و هێرشەکان دەکات.
د. تێدرۆس ئادهانۆم گوتی، بەپێی یاسا مرۆییەکان هەموو دامەزراوەیەکی تەندروستی دەبێت پارێزراو بێت و نەکەونە بەر ململانێی سیاسی و جەنگ.
سەرۆکی WHO ئاماژەی بە هێرشەکانی بۆ سەر نەخۆشخانەی گاندی لە تاران کرد. نەخۆشخانەی گاندی دەکەوێتە گەڕەکی گاندیی شاری تاران؛ یەکێکە لە نەخۆشخانە گەورەکان و چەندین بەشی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵ، هەناسە و منداڵبوونی تێدایە.
سەبارەت بە ناوی ئەو ناوەندە تەندروستییانەی زیانیان بەرکەوتووە، حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران گوتی: "نەخۆشخانەی ئەبووزەڕ لە ئەهواز، سێ ناوەندی فریاکەوتن لە سەراب، چابەهار و هەمەدان، هەروەها نەخۆشخانەکانی خاتەم، موتەهەری و گاندی لە تاران، ئەو شوێنە تەندروستیانەن کە لە هێرشەکاندا کراونەتە ئامانج."
هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی ئێران لە شەوی یەکشەممەدا بووە و میدیای فەرمیی ئێران چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، بەشێکی باڵەخانەی نەخۆشخانەکە و ئۆتۆمبێل و باڵەخانەکانی دەوروبەری زیانی زۆریان بەرکەوتووە. ئاژانسی (تەسنیم)ـی ئێرانیش بڵاویکردەوە، هێرشەکە دۆخێکی نائاسایی لە نەخۆشخانەکە دروستکردووە و تیمەکان خەریکی گواستنەوەی نەخۆشەکانن بۆ شوێنی پارێزراو.
ئەمەش بزانە
لە رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر 24 پارێزگای ئێران دەستپێکردووە و چەندین ناوەندی هەستیاریان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا چەندین بەرپرسی باڵای ئێران کوژراون، لەوانە: عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ عەلی شەمخانی، راوێژکاری سیاسیی خامنەیی و محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین شەپۆلی مووشەکی بالیستی و درۆن، بنکەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل کردووەتە ئامانج، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە جیاوازەکانی ئێران بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ