رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرێکی تەندروستی دەڵێت، تووشبوون بە تای خوێنبەربوون پەیوەستە بە شێوازی سەربڕینی ئاژەڵ نەک خواردنی گۆشت.
ئەمڕۆ شەممە 3-5-2025 دکتۆر فەریدون حەمەد قادر، بەڕێوبەری تەندروستی لە وەزارەتی کشتوکاڵ لە بووڵتەنی ئابووریدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەنیا یەک تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە کە هاونیشتمانییەکی شاری کۆیەیە و ژمارەکە زیادنەبووە.
دکتۆر فەریدون حەمەد قادر دەڵێت: چینی یەکەم کە زۆرترین مەترسیی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونیان لەسەرە، ئاژەڵدارەکان و ئەوانەن کە کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەوە دەکەن، دوای ئەوانیش گۆشتفرۆشەکان [قەسابەکان] و ئەوانەن کە لە سەربڕخانەکان کاردەکەن، چونکە ئەوانە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ گۆشت و ئاژەڵ و دەردراوەکانی لەشی ئاژەڵ دەکەن.
دکتۆر فەرەیدون گوتیشی، ئەوانەی لە پلەی سێیەمدا دێن لە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە، ئافرەتان و خاوەن چێشتخانەکانن کە چێشت ئامادە دەکەن و مامەڵە لەگەڵ گۆشت دەکەن.
دکتۆر فەرەیدون لەبارەی ئەگەری تووشبوونی ئەوانەی گۆشت دەخۆن دەڵێت، "گۆشتخواردن نابێتەهۆی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون، بەڵکو تووشبوون بە نەخۆشییەکە پەیوەستە بە شێوازی سەربڕینی ئاژەڵ و ئامادەکردنی گۆشتەکە''.
باس لەوەشدەکات، هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکە ڤایرۆسە، بە کوڵاندنی گۆشت بەشێوەیەکی رێکوپێک، ئەو ڤایرۆسە لەنێودەچێت و هیچ مەترسییەکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون نامێنێت.
د. فەرەیدون حەمەد قادر گوتیشی، کۆتایی وەرزی بەهار و سەرەتای وەرزی هاوین، ئەو کاتەیە کە نەخۆشییەکە بڵاودەبێتەوە و زیاتر ئەو ئاژەڵانە تووشی دەبن کە مشەخۆری "گەنە" لەسەریان دەژی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ